نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ بەدوادا چوون لەسەر پرسی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران، ئەمڕۆ سێ لیژنەی پەرلەمانی کوردستان بەجیا سەردانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە رۆژی ١٥-٦-٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی (چڕنوکی هەڵۆ) بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان دەستپێکرد، دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی (چڕنوکی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنوری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران، ڕایگەیاند”لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، بەمەبەستی بەدوادا چوون بۆ پرسی تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، پەرلەمان سێ لیژنەی تایبەتمەندی پێکهێناوە لە لیژنەکانی پێشمەرگە، ناوخو و ئاسایش و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان”.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت”هەرچەندە لیژنەکان لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکان دروستنەکراون، بەڵام ئەندامی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانی تێدایە و هەریەک لەو سێ لیژنەیەی، کە پێکهێنراون دابەشکراون بەسەر سێ پارێزگای، هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئەمڕۆش یەکشەممە ٥-٧-٢٠٢٠ یەکەم ڕۆژی کاری مەیدانی لیژنەکان بووە، بەو پێیەی ناوچەسنوورییەکان بەرفراوانن کاری لیژنەکان ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، جگە لەوەی لیژنەکان سەردانی مەیدانی ناوچەسنورییەکان دەکەن، لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانەی کە قوربانی تۆپبارانەکانن و زیانی مادی و گیانیان بەرکەوتووە لە نزیکەوە قسە دەکەین، دەشڵێت”هەرسێ لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەدەکەن و دەیدەنە لیژنەی باڵا، دواتر ئاراستە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت”.