نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدگەیەنێت، جددییەتی بەغدا بەقەد جددییەتی حکومەتی هەرێم نییە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی بەپەلە.
تائێستا چەندین جار شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن و جێبەجێکردنی زۆربەی مەرجەکانی بەغدا دەربڕیوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند”من پێموایە جددییەتی حکومەتی عێراقی بەقەدەر جددییەتی هەرێمی کوردستان نییە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی بەپەلە، بەتایبەتی لەسەر پرسی موچە و نەوت، لەوانەیە بەغدا ئێستا هەندێکی سەقفەی ژێربەژێری لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران هەبێت، بەتایبەتی تورکیا”.
سەبارەت بەو هۆکارانەی کە وا لە بەغدا دەکات جددیی نەبێت بۆ ڕێککەوتن، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، گوتی”دۆخی ئابوری عێراق ئێستا زۆر سەختە و بەغدا پێویستی بە نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە عێراق ناتوانێت بە ئاسانی نەوتەکەی خۆی بفرۆشێت، دەشزانێت هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتن لە قەیران ڕزگاری دەبێت، بۆیە پێیوایە ئەگەر تۆزێکی دیکە دوای بخات هەرێم تەنازولی زیاتر بۆ بەغدا دەکات و بە لاوازی دەچێتەوە بەغدا”.
جەمال کۆچەر، ئاماژە بەوەدەکات، مستەفا کازمی بڕیاری داوە ئێستا تەنها کار لەسەر حکومەتەکەی خۆی بکات و حەزناکات ئێستا بە هەرێمی کوردستانەوە خەریک بێت”ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە سەیر بکرێت ڕاستە بۆ عیراق گرنگە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت، بەڵام ئەگەر لەڕووی ئابوورییەوە سەیری پرسەکە بکەین، کە ئێستا هەموو حکومەتەکانی ناوچەکە لە قەیراندان، بەغدا ئەوەندە ئاشقی ڕێککەوتن نییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان”. ناوبراو جەتیکردەوە “بەغدا دەزانێت لە هەموو حاڵەتەکاندا، ئەگەر کورد زیاتری لە هەرێمی کوردستانەوە دەستکەوێت نا گەڕێتەوە بەغدا، دەزانێت کە دەبێت بەغدا زیاتر بەکورد بدات وەک ئەوەی کە خۆی دەستی دەکەوێت، بۆیە هیچ کارتێکی فشاری کورد لەسەر مستەفا کازمی نییە، بەپێجەوانەوە فشاری زیاتر لەسەر حکومەتی هەرێم دروستبووە “.