نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئێستا کۆی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە ٣ هەزار مێگاوات نزیکبووەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی چاكسازی لە یەكەی وێستگە غازییەكاندا، بڕی ٧٠٠ مێگاوات كارەبای هەرێم كەمی كردبوو، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی دارایی بۆ پاڵپشتیكردنی ھەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا، بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجکرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم، لە بارەی زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا، ڕایگەیاند”بەرهەمهێنانی ١٠٠ مێگاوات كارەبا لە وێستگەی غازی هەولێر زیاد كرا و خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە، بەمەش کۆی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە ٣ هەزار مێگاوات نزیک دەبێتەوە “.
بەرێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم، ئاماژە بەوەدەکات، کە لە ئێستادا پێدانەکانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاوڵاتیان ڕۆژانە لە نێوان ١٤ بۆ ١٥ کاتژمێرە، بە زیاد بوونی ئەو ١٠٠ مێگاواتە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی کاتژمێرێک پێدانی کارەبا بەهاوڵاتیان زیاد دەکات “خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە، زۆرە و ڕۆژانە زیاتریش دەکات، ئەگەر ئێمە بتوانین قەرەبووی ئەو خواستە بکەینەوە، ئەوا کاتژمێرەکانی کارەبا بەم شێوەیە دەمێنێتەوە”.
ئومێد ئەحمەد زانیاری زیاتر دەخاتەروو”ئێمە بەردەوامین لە ڕێگاکانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، چاوەڕوانین وێستگەی کۆمپانیای تایتڵی هەولێر و -وێستگەی خەبات دەکەین کە بکەونەوە کار، ئەگەر ئەو دوو وێستگەیە بکەونەوە کار مێگاواتی باشیان هەیە، بەلایەنی کەمەوە بەقەدەر ئەو خواستەی کە لەمانگی ٧ و ٨ دا پێشبینی دەکرێت بەرز بێتەوە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەهاوڵاتیان وەک ئێستا دەمێنێتەوە”.