نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکەین زیانەکانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، زیاترە لە نیوملیار دۆلار بێت.
بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیهاندا، زیانێکی گەورەی بە سەرجەم سێکتەرەکانی ئابوری گەیاندووە،یەکێک لەو سێکتەرانە گەشتیارییە، هەرێمی کوردستانیش بەدەرنییە لەم زیانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە سەردانی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند”ساڵی ڕابردوو ملیۆنێک و ١٥٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا، تەنها لە مانگی ١ و ٢ دا هەندێک گەستیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە دەتوانین بڵێین لە ٨٠% هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم کەمیکردووە”.
نارد ڕۆستی، سەبارەت بە داهاتی گەشتیاری، گوتی”لە هەرێمی کوردستان شتێکمان نییە بەناوی داهاتی کەرتی گەشتیاری کە ساڵانە ڕایبگەیەنین، بەڵام بەردەوام لێکدانەوەیەکمان هەیە بۆ داهاتی گەشتیاری، ئەوەش ئەوەیە هەر گەشتیارێک کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات، زیاتر لە ٣٠٠ دۆلار خەرجی هەیە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان، بەوەش بۆمان دەردەکەوێت کە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە نیو ملیار دۆلار داهات،بۆ بازارەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە”.
لە بارەی داهاتی ئەمساڵەوە، گوتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم، دەڵێت”بەهەموو لێکدانەوەیەک، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمساڵ هەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتیاری هیچ داهاتێکی نەبووە، ئەگەر هەشبووبێت ڕەنگە نزیکەی لە ٢٠% ی داهاتی ساڵی ڕابردوو بێت، بەڵام ئەوەش بە نەبوون هەژمار دەکرێت”.
نادر ڕۆستی، زیاتر ڕوونیکردەوە و باسیکرد”ئەو شوێنە گەشتیارییانەی لە ماوەی ڕاگەیاندنی کەرەنتینە داخرابوون، خەرجییەکانی خۆیان دوو ئەوەندی دیکە زیادی کردووە و لە سەرمایەی پێشووتریان خەرجییەکانیان دابین کردووە، واتا زیانەکانی کەرتی گەشتیاری زۆر لەوەش زیاترە کە ساڵی ڕابردوو داهات بووە، بۆیە دەکرێت بڵیین زیانەکانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، زیاترە لە نیو ملیار دۆلارە”.