شلێر سەعید
بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕاگرتنی دەوامی فەرمی دامودەزگاكان و پێشتریش مانگرتنی كارمەندانی هەندێ لە نەخۆشخانەكان و بنكەكانی تەندروستی، كوتانی منداڵانیش وەستا، ئەوەش بۆتە جێی پرسیار و نیگەرانی لای دایك و باوكان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت ”گەر قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام بێت ئەو بەشانە دەكەینەوە، كە زۆر پێویستە”.
لە لێدوانێكی تایبەت، محمد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، بەنوچەی ڕاگەیاند: چەند جۆرێك كوتان هەیە، ئێمە دەتوانین پلانی خۆمانی لەسەر دابڕێژین و بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشنیارەكانی ڕیكخراوی تەندروستی جیهانی، كە لەسەر ئاستی جیهانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتانە دەكرێت.
گوتیشی، گەر ماوەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ درێژكرایەوە، ئەوكات ئەو بەشانە دەكەینەوە، كە تایبەتن بە كوتان، وەك لە قەدەغەی هاتوچۆی مانگی 3 كردمان دوای ئەوە بنكەكان كرانەوە.
محەمەد قادر ئاماژەی بەوەشكرد، كە كوتانی منداڵان بەشێكی زۆر پێویستە و گرنگە، نابێت زیاتر لە مانگێك ئەو شوێنانە دابخرێن، بەڵام بە هەفتەك كاریگەری نییە.