نوچە: ئاژانسەکان
له كارگهیهكی یاریی ئاگریندا لە پارێزگای ساکاریای تورکیا، تەقینەوەیەک روویدا و بەوهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 97 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەو گارگەیەی تەقینەوەکە تێیدا روویداوە لە ناوچەی یوكاریچاڵجای سەر بە شارۆچكهی ههندهكە و تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە تەقینەوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 97ی دیکەش برینداربوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە. هەروەها 200 کرێکار لەو کارگەیە کاریان کردووە.
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆ و فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە ئاسمانەوە چاودێریی ئەو ناوچەیەیان کرد، کە تەقینەوەکە تێیدا روویداوە.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، 85 ئامبۆڵانس، دوو ئامبۆڵانسی هەلیکۆپتەر و 11 تیمی فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکەن.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، رێکخراوێک بە ناوی “نەوەکانی ئاگر” کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی فیشەکی ئاگرینی لە ناوچەی هەندەک لە شاری ساکاریا تەقاندووەتەوە و کارگەکە بە تەواوی سووتاوە.