ئەسعەد مورادی
بەرپرسێکی پارتی لە موسڵ رایدەگەیەنێت، هەڵسوکەوتی حەشدی شەعبی بۆتە هۆی ئەوەی چالاکی داعش پەرە بستێنێ لە موسڵ.
خەڵکێکی زۆر رایان وایە، کە حەشدی شەعبی لە هەر ناوچەیەک بوونی هەبێت کێشە و ناکۆکی دەگاتە لوتکە و بەهۆیەوە خەڵکی ناڕازی ناوچەکانی خۆیان بە ناچاری بە جێدەهێڵن و بەو رادەیە هەڵسوکەوتیان جێی نیگەرانییە کە لە هەندێک رووەوە لە گەڵ داعش بەراورد دەکرێن.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤-ی پارتی لە موسڵ لەبارەی هەڵسوکەتی حەشد لەگەڵ کورد لەو ناوچەیە رایگەیاند: حەشدی شەعبی لەم ناوچەیە بەردەوامە لە ئازاردانی خەڵک و ئەو جۆرە لە هەڵسوکەوتی حەشد، بۆتە هۆی ئەوەی چالاکی داعش پەرە بستێنێ لە موسڵ، وەک کوشتن رفاندن و ترساندن و باج وەرگرتن.
سەعید مەمۆزینی دەشڵێت، بە هەمان شێوەی داعش حەشدیش خەڵک دەگرێ و بە پارە ئازادی دەکات. جیا لەوەش ئازاری کادیرە شەبەکەکەانی ئێمە دەدات.
مەمۆزینی ئاماژە بەوەش دەکات، کە کورد لە موسڵ ژمارەیان زۆر کەم بۆتەوە و زۆربەیان هەڵهاتوون. ئەوەی خاوەن زەوی کشتوکاڵیشە، یان بە ئیجاریان داوە یان کەسی عەرەب بۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڵام بە گشتی ئازار دەدرێن.