ئەسعەد مورادی
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.7.2 گوتەبێژی ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێران ڕوودانی تەقینەوەیەکی لە دامەزراوەی ئەتۆمیی لە دامەزراوەی نەتەنز لە شاری ئیسفەهان پشتڕاست کردەوە. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت ”دەکرێ هەم هێرشی سایبری بێت و هەم هێرشی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئیسرائیلی”.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، شرۆڤەکاری سیاسی کورد، لەبارەی تەقینەوەکانی چەندرۆژی رابردوو و بەتایبەت ناوەندی ئەتۆمی ئێران، رایگەیاند: پێموایە دەکرێ باس لەچەند ئەگەرێک بکرێت:١- بە لەبەرچاو گرتنی کێشەی بەربڵاو و قوڵی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ماوەی ڕابڕدوو، دەکرێ هەم هێرشی سایبری بێت و هەم هێرشی فرۆکەی بێ فرۆکەوان، بەتایبەتی، کە پێشتر ئێران هەواڵی خستنەخوارەوەی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئیسرائیل لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بڵاو کردۆتەوە.
شاهۆ حوسێنی دەشڵێت، بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی،کە تەکنۆلۆژی دامەزراوەکانی ئێران، بەشی هەرە زۆریان کۆنن و لە رێگای قاچ و لە بازاڕی ڕەش دەیان کرێ، کە بەشی هەرە زۆریان تەکنۆلۆژی کۆن و پەککەوتووی کۆریای باکوور، چینی، روسی و پاکستانین، هیچ کام لەو کەرەسانە ستاندارد نین و هیچ ئەمنییەتێکان نییە، بۆیەش شیمانەی وەی دەکرێ، کە بەهۆی کۆن بوون تووشی تەقینەوە و کارەسات بن.
لەمبارەوە ماڵپەڕی (ئیسنا)ی ئێران لەزاری بێهرووز کەماڵوەندی، گوتەبێژی ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ڕووداوێکی تەقینەوە لە یەکێک لە حەوشەکانی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز ڕووی داوە، بەڵام هیچ کوژراوێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
هێشتا ڕاستی ئەو ڕووداوە کە بەرپرسانی فەرمیی ئێران بە “ڕووداو” ناوی دەبەن دیار نییە و هۆکارەکەشی ڕوون نەکراوەتەوە. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویداوە، کە هەفتەیەک لەمەوبەر ڕووناکییەکی لە شێوەی تەقینەوە لە ڕۆژهەڵاتی تاران هەستی پێ کرا و بوو دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.