نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەرپرسی تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای مەرزی باشماخ ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەسنووری قەزای پێنجوێن زۆر زیاترە لەو ڕێژەیەی کە راگەیەندراوە و پێشبینی دەکەین نزیکەی ٣ هەزار کەس هەڵگری ڤایرۆسەکە بن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هێرش عەلی، بەرپرسی تیمی كۆرۆنای مەرزی باشماخ و لێپرسراوی ئاماری بەشی پشكنینی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن، لە بارەی ئاماری فەرمی توشبووانی کۆرۆنا لە سنووری قەزای پێنجوێن، ڕایگەیاند “ئەو ئامارە فەرمییانەی، کە لە بەردەستی ئێمەدان، لە ڕۆژی ٢٢-٢-٢٠٢٠ وە تاکو ٢٧-٦-٢٠٢٠، ڕێژەی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای پێنجوێن بە هەردوو ناحیەی گەرمک و ناڵپارێزەوە، هەروەها مەرزی باشماخ کە مەرزێکی نێودەوڵەتییە، ١٠٦٩ پشکنین ئەنجامداراوە، لەو ڕێژەیەش ٢٠٧ کەس ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابوون”.
هێرش عەلی ئاماژە بەوە دەکات، تائێستا ١٦٩ کەس کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابوون لە سنووری پێنجوێن چاک بوونەتەوە و ڤایرۆسەکەیان بەتەواوی تێپەڕاندووە و ئێستا گەڕاونەتەوە سەر ئیش و کاری خۆیان، بەدخەوە ژمارەی گیان لەدەستدان تائێستا بەکۆرۆان ژمارەیان ٦ کەسەبووە.
بەرپرسی تیمی كۆرۆنای مەرزی باشماخ، گوتیشی “جگە لەو ئامارە فەرمیانەی لە بەردەستماندایە، بە هۆی بێ متمانەیی خەڵک بەم دۆخە، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری قەزای پێنجوێن، زۆر زیاترە لەو ڕێژەیەی کە ڕاگەیەندراوە و تائێستا پشکینینا بۆ نەکراوە”.
سەبارەت بە پێشبینییەکانیان بۆ ژمارەی تووشبووان بەگشتی لە سنووری قەزای پێنجوێن، هێرش عەلی، دەڵێت “بە ئاماری فەرمی و نا فەرمییەوە، کە لە نۆرینگە پزیشیکییەکانی سنووری پێنجوێن دەستمان کەوتووە، ئەوانەی، کە نیشانەکانی کۆرۆنایان هەبووە، مەزەندە دەکەین ژمارەیان لە نێوان ٢ هەزار بۆ ٣ هەزار تووشبووی کۆرۆنا بێت، کە لەماڵەوەن و لە نۆرینگەکان چارەسەریان وەرگرتووە، هەیانە ڤایرۆسەکەی بەسوکی گرتووە و هەیانە بەقورسی گرتوویەتی، ئەوەشی کە حاڵی زۆر خراپە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنامان کردووە لە سلێمانی”.
لێپرسراوی ئاماری بەشی پشكنینی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن، جەتیشیکردەوە “لەسەرەتای سەر هەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تۆمارکردنی یەکەم حالەت لە سنوری پێنجوێن، بەداخەوە پزیشکانی نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن بەجێیان هێشتین و نەخۆشخانەکە بێ پزیشک مایەوە، ئەم هۆکارانەش وایان کرد لە دوای ٢٧ی مانگەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کۆرۆنا لە سنورەکەمان تەشەنە بکات”.