نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەئێستادا سیستەمی دیداری ئەلیکترۆنی بۆ چاکسازییەکانی هەرێم کەوتووەتە کار.
کۆی گشتی چاکسازییەکان لە هەرێمی كوردستان، شەش بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییە، كە زیاتر لە ٥ هەزار بەندكراویان تێدایە، پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، هەفتانە یەکجار کەسوکاری بەندکراوان بۆیان هەبوو سەردانی چاكسازییەكان بكەن، بەڵام لە ٢٤-٢-٢٠٢٠، بەهۆی رێگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو سەردانانە قەدەخە كراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. ئاری، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گۆڕانکاریی لە سەردانی چاکسازییەکان، ڕایگەیاند “دوای بڵاوبووونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی کۆرۆناش لە ناو چاکسازییەکان، بیرمان کردەوە کە سیستمی دیداری ئەلیكترۆنی بخەینە كار، بۆ ئەوەی بەندكراوەکان بتوانن بە دەنگ و وێنە دیدار لەگەڵ كەسوکاریان بکەن”.
بەڕیوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی “لە ئێستادا ڕۆژانە کار بە سیستەمەکە دەکرێت و ماوەی ماوەی چەند رۆژێكیشە دەستكراوە بە سیستمی دیداری ئەلیكترۆنی بەندكراوان لەگەڵ خێزان و كەس و كاریان، جگە لەوەش بەندکراوان دەتوانن بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ کەس و کاریان بکەن”.
سەبارەت بە دابەشکردنی کاتەکان بۆ دیداری ئەلیکترۆنی لەگەڵ کەس و کاریان د. ئاری، دەڵێت “هەر چاکسازییەک بەپێی ژمارەی بەنداکراوان کاتەکان ڕێکدەخات و دابەشی دەکات بەسەر بەندکراواندا، بۆئەوە بتوانن تا چەند قسە لەگەڵ خێزان و کەس و کاریان بکەن”.