نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ پەیوەندیییەکی فەرمی لە نێوان یەکێتی و پارتی بوونی نییە و پارتی تووشی غروری سیاسی بووە، پەرلەمانتارێکی پارتیش، دەڵێت”پارتی هیچ کاتێک بەغروری سیاسییەوە مامەڵەی نەکردووە”.
خراپی پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، قەیرانەکانی هەرێمی قوڵترکردووە. هەردوو حزب ئۆباڵی ناکۆکییەکان دەخەنە ئەستۆی یەکتر.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، لوقمان وەردی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پەیوەندی حزبەکەی لەگەڵ پارتی، ڕایگەیاند”لە ئێستادا هیچ پەیوەندیییەکی فەرمی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بوونی نییە، ئەو پەیوەندیییە فەرمیانەشی کە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، دوو کەناڵی پەیوەندین، کەناڵێکیان قوباد تاڵەبانییە سەرۆکی تیمی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، کەناڵەکەی دیکەیان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانە، کە دەزانین لە ماوەی ڕابردوو پەرلەمان بەچ قۆناغێکدا ڕۆیشتووە و ئەو شانۆگەریویەی کە درووستکرا لە ژێر ناوی پارێزبەندی، دۆخی پەرلەمانیشی بە جۆرێک تێکدا، کە دوێنی جۆرێک لە جۆرەکان کۆبوونەوەیەک کراوە”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، هەمیشە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕوای بە گفتوگۆ و چارەسەر هەبووە، زۆر جاریش قوربانی داوە لە پێناو تەبایی، بەڵام ناکرێت ئەم قوربانییە هەر یەکێتی بێت “پەیوەندی خراپی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئۆباڵەکەی دەکەوێت ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە پارتی بەو زۆرینەیەی لە پەرلەمانی کوردستان، دروستیکردووە و بە ٤٥ کورسییەی کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هێناویەتی، توشی غروری سیاسی بووە، کە ئەوەش وای کردووە یەکڕیزی ناو ماڵی کورد تێکبچێت، بۆیە بەرپرسی یەکەم و ئاخیر لە تێکدانی هەلومەرجی سیاسی نێوان هێزە سیاسییەکان پارتییە”.
لوقمان وەردی، گوتیشی”ئومێدەوارین ئەم دۆخە چەق بەستووە خراپەی نێوان هێزە سیاسییەکان کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە ئەمە لەبەرژەوەندی میللەتی کورد دانییە و دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش وامان لێ دەخوازێت، کە کورد یەک دەنگ و یەکڕیز بێت، وە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نێوەندگیری ناوێت، چونکە ئێمە دووهێزین لە هەرێمی کوردستاندا و حکومڕانی نە بەبێ یەکێتی تەندروست دەبێت، نە پارتی دەتوانێت بەبێ یەکێتی حکومڕانی بکات، ڕێگە ڕاستەکەش ئەوەی هەردوولا بەیەکەوە دابنیشن و کێشەکان بەشێوازی گفتوگۆ چارەسەر بکەن”.
هاوکات، بەهمەن کاک عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەنوچەی، ڕایگەیاند”پارتی دیموکراتی کوردستان، هیچ کاتێک بەغروری سیاسییەوە مامەڵەی نەکردووە و مێژوی پارتی شاهیدە، کە هیچ کاتێک نە بەسەرکەوتن غرور بووە نە لەشکستیشدا نائومێد بووە، پارتی هەمیشە کە هێزی یەکەمیشبووە، بەچاوی یەکەمەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەوانی خوار خۆیەوە نەکردووە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە مێژووی پێکهێنانی حکومەتەکانی ڕابردوو، کە پارتی زۆرینەبووە شاهیدە، پارتی هەمیشە لە بەشی خۆی داوەتە خەڵکی دیکە، بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە بەغداش کە ئێمە هێزی یەکەم بووینە، هەمیشە بەشەکانی پارتی دراوەتە حزبەکانی دیکە و بەتایبەتیش یەکێتی.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت”دیارە یەکێتی دوای بەستنی کۆنگرە لە خۆی گۆڕاوە و بوغرابووە، بۆیە ئەگەر بەو نەفەسی بوغراییەوە مامەڵە بکات بەدڵنیاییەوە منیش دەڵێم پەیوەندییەکانمان هیچ باش نییە، بەڵام ئەوە هۆکارەکەی پارتی نییە، بەڵکو ئەوان هۆکاری هەموو ئەو کەیسانەن کە جوڵێنراون، وەک پرسی لامەرکەزیەتی سلێمانی و جیاکردنەوەی سلێمانی و چەندین پرسی دیکە”.
بەهمەن کاک عەبدوڵا، هەروەها دەڵێت”لە ساڵی( ١٩٩٢)ە وە یەکێتی لە حکومەت شەریکبووە، کوتلەی حکومەتیان لە ناو حکومەتە، بەڵام حزبەکەیان دژی حکومەت، پارتی ئەم سیاسەتی دووفاقییەی هیچ کاتێک قبوڵنییە، بۆیە ئەوەی بەشدارە لە حکومەت، ئەگەر هەرچی کرابێت لەم وڵاتە لە خراپییەکەشدا پشکی شێری بەرکەوتووە، چونکە ئەو حزبی یەکەم نەبووە و بە قەدەر حزبی یەکەم لە خێر و بەرەکەتی ئەم وڵاتە سود مەندبووە”.