نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەشکر کێشی و تۆپبارانی هەرێمی کوردستان، شکاندنی شکۆی هەرێم و پێشێلکردنی سیادەی عێراق.
ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا، لەشکر کێشی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و، بە چڕی بۆردومانی ناچە سنوریییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەی تورکیا چەندین خەڵکی سڤیل و بێتاوان بوونەتە قوربانی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە لەشکر کیشییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند”لەشکر کێشی و تۆپباران کردنی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکانی لە لایەن تورکیاوە، ئەمە جاری یەکەم نییە و چەندین جار دووبارە بووەتەوە، کە بە هۆیەوە خەڵکی سڤیل، بێ تاوان و بێ بەرگری، شەهید و برینداربوونە و ماڵوێرانی گەورەش بەسەر خەڵکدا هاتووە”.
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان، جەختیشیکردەوە”ئەم لەشکر کێشیانە پەیوەندیییان بە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمیشەوە هەیە، چونکە لە دەستوری عێراقدا هاتووە، بۆیە ئەمە شکاندنی شکۆی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سیادەی عێراقە”.
ئەم ئەندام پەرلەمانە هەروەها دەڵێت”وەک لیژنەی ناوخۆ، هەمیشە کارمان لە سەر ئەم پرسە کردووە، پەرلەمانمان ئاگادار کردووەتەوە و لەگەڵ شوێنەکانی دیکەش قسەمان لەسەری کردووە، چونکە ئەمە چەندین جارە دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی دراوسێ لەشکر کێشی بۆ سەر هەرێم و ناوچە سنورییەکانی دەکەن، هەروەها تۆپباران و بۆمبابارانی هەرێمی کوردستان دەکەن و خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار دەبێت”.
لە بارەی وەستاندنی لەشکر کێشییەکان شاخەوان ڕەئوف بەگ، دەڵێت”پێمانوایە ئەمە داگیرکاریییە و ناحەقییەکی گەورەیە لە میللەتی کورد دەکرێت، حەقوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە قسەیەکی جدی هەیەبێت و بکەوێتە سەر خەت، حکومەتی ناوەندی دەتوانێت ڕێگری لە دەوڵەتی تورکیا بکات لە پرسی داگیرکاری و بەزاندنی سنور و لەشکرکێشی، چونکە ئەمە جگە لە ماڵوێرانی گەورە و داگیر کاری بەسەر ئەم میللەتەی ئێمەدا دێت هیچی تر نییە”.