ئەمریکا جارێکی تر پەکەکەی خستە لیستی تیرۆر

0

نوچە-روداو

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی تیرۆر بۆ ساڵی 2019 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا هەنگاوی باشیان ناوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام تیرۆر هێشتا هەڕەشەیە لەسەر جیهان.

لە راپۆرتەکەدا جارێکی دیکە پەکەکە بە “تیرۆریست” و ئێران بە “پاڵپشتیکاری تیرۆر” ناویان هاتووە.پارتی کرێکارانی کوردستان لە راپۆرتەکەی ئەمریکادا راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 24-06-2020 بەفەرمی بڵاوکرایەوە و بەشێکی تایبەتە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە وەک “گرووپێکی تیرۆریستی” ناوی هاتووە بەهۆی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی تورکیا. لە راپۆرتەکەدا هاتووە: “ئەم گرووپە بەردەوامن لە کردنە ئامانجی پۆلیس و هەروەها ئامانجە سەربازییەکانی تورکیا”.

زانیاریی لەبارەی سەرچاوەی دارایی پارتی کرێکارانی کوردستانیش باسکراوەو بەپێی راپۆرتەکە “لە سەرانسەری ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی لە رێگەی رەوەندی کوردی کۆدەکەنەوە”.

هەروەها ژمارەی گەریلاکانی PKK بە 4 بۆ 5 هەزار گەریلا خەمڵێنراوە.  هەر لە راپۆرتەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە هێرشەکەی رێستۆرانتی هۆقەباز لە هەولێر دەکات و نووسیویەتی: ”پارتی کرێکارانی کوردستان بە تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارێکی تورکیا لە هێرشەکەی هەولێر تۆمەتباردەکرێت”. 

رۆژی چوارشەممە 7-17- 2019 رووداوێکی تەقەکردن لە رێستۆرانتی هوقەباز لە شاری هەولێر روویدا، کە لە ئەنجامدا کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بە ناوی (عوسمان کۆسە) و دوو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی (عوسمان محەممەد عەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) بوونە قوربانی.

دوای رووداوەکە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی هێرشکارەکانی رێستۆرانتەکەی هەولێری بڵاوکردەوە، کە بەرپرسێکی PKK بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕشتووە بە ئامانجی تیرۆرکردنی کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی تورکیا. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئامانجی سەرەکی پارتی کرێکارانی کوردستان، دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان بووە لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا. پەکەکە لە 8ی ئۆکتۆبەری 1997 لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆرستییە بیانییەکان و لەم راپۆرتەدا بەوردی باس لە چالاکییەکانی PKK لە دژی دەوڵەتی تورکیا کراوە. 

 ئێران شوێنێکی زۆری لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرتووە و وەک “گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان” ناوی هێنراوە، بۆیە نووسراوە “لەسەر ئەم بنچینەیە ئەمریکا و هاوبەشەکانی سزایان بەسەر ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانیدا سەپاندووە”. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا وا هاتووە “ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانیان بەردەوامن لە پیلانگێڕیی و ئەنجامدانی هێرش لەسەر ئاستی جیهان، ئێران لە رابردوودا ساڵانە 700 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپە چەکدارەکان لەنێویاندا حیزبوڵڵای لوبنانی خەرجدەکرد، بەڵام لە ساڵی 2019 نەیتوانیوە ئەم پارەیە دابین بکات، ئەمەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە”. 

 راپۆرتەکە زیاتر فۆکەسی لەسەر ئێرانە و لە بەشێکی دیکەدا بە پاڵپشتیکاری رێکخراوی قاعیدە باسیدەکات و دەڵێت ”ئێران رێگە بە رێکخراوی قاعیدە دەدات لە نێوخۆی ئێران چالاکی بکات، پارە و چەکدار لە ئێرانەوە رەوانەی ناوچەکانی شەڕ لە ئەفغانستان و سووریا بکات و رێگەی داوە چەکدارانی قاعیدە لە ئێران بمێننەوەو نیشتەجێ ببن”. هەروەها لە راپۆرتەکەدا نووسراوە: “ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان لە رێگەی هێزە بەوەکالەتەکانییەوە بێت، بەردەوامە لە ئەنجامدانی تووندوتیژیی لە عێراق، سووریا، لوبنان، بەحرەین و یەمەن”. 

 راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەهەمانشێوەی ساڵی رابردوو باس لە مەترسییەکانی داعش دەکات، هەرچەندە ئاماژە بەوەکراوە، کە چالاکییەکانی داعش لە ساڵی 2019 بەراورد بە ساڵی 2018 کەمیان کردووە، بەڵام بەتایبەت لە سنوورێکی دیاریکراو کە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقە زیادیکردووە. هۆکارەکەش بۆ “ناڕوونی بەرپرسیارێتی ئەمنیی لەو ناوچانە” دەگێڕێتەوە. هەر لەو راپۆرتەدا، باس لەوەشکراوە، کە داعش چالاکییەکانی زیادکردوون و چاوی لەوەیە خۆی لە ناوچەکانی پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، ئەنبار، کەرکووک و دیالە رێکبخاتەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە، لەگەڵ هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بەسەر تیرۆر تۆمارکراون، بەڵام هێشتا هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر جیهان بەردەوامن. بە ئاماژەدانیش بە کوشتنی خەلیفەی داعش و نەمانی خەلافەت و دەسەڵاتی جوگرافییان، بەڵام نووسیویەتی “داعش هێشتا لە شەڕکردن بەردەوامن و هانی شوێنکەوتووەکانیان دەدەن لە سەرانسەری جیهان هێرش ئەنجامبدەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com