پەرلەمان بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان بڕیاریدا

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانی دەستپێبکاتەوە و هەر فراکسیۆنێکیش بەجیا پڕۆژەی خۆی هەیە.  

بەهۆی تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی پۆزەتیڤ لەناو پەرلەمانی كوردستاندا لە رۆژی 10ی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی چواردە رۆژ كارەكانی پەرلەمانی کوردستان راگیرابوو، ئەمڕۆش ئەو وادەیە کۆتایی هات،لە ئێستادا ئەوانەی توشی كۆرۆنا ببون باری تەندروستیان جێگیربووە و نیشانەكانی نەخۆشیەكەیان نەماوە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زکری ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، ڕایگەیاند”ماوەی کەرەنتینەکردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێهاتووە، بڕیارەیش هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆبوونەوەکانی خۆی دەستپێبکاتەوە و کارەکانی خۆی ئەنجامبدات، هەر فراکسیۆنێکی پەرلەمانیش بەجیا پڕۆژەی خۆی هەیە”. 

زکری ئەحمەد گوتیشی “وەک فراکسیۆنی یەکێتی کاری لەپێشینەمان ئەوە دەبێت، کە هەوڵبدەین نوێنەری حکومەت بانگێشتی پەرلەمانی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەی پێویست بدەن لە سەر دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان و پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم، کە پێویستە هەموو مانگێک موچە لە کاتی خۆیدا بدرێت، هەروەها فشار دەخەینە سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی دۆخ و گوزەرانی خەڵک باشبکات و ڕێککەوتنێکی جدی لەگەڵ حکومەتی عێراقی ئەنجامبدات”.       

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفاف بێت و نابێت بە تەنها چاکسازی لە خەرجیدا بکات، بەڵکو دەبێت چاکسازی لە زۆربەی سێکتەکانیدا بکات، وەک داهات، گومرگ و نەوت، هەروەها سیستەمی خانەنشینی بچەسپێنێت و بە کەسانی دیکە شوێنەکانیان پڕبکرێتەوە، چونکە هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگامان هەیە بێکارن”.     

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە دەمانەوێت پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر بکات تۆپبارانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، هەوڵدەدەین فشار بخینە سەر حکومەتی هەرێم  و بەغدا بۆ ئەوەی سنوورێک دابنێت بۆ تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە، بۆئەوەی چیدیکە خەڵکی سڤیل نەبێتە قوربانی.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com