نوچە
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، پێویستە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ کاتێکی دیاریکراو ڕابگەیەندرێت.
بەرزنجی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئێستا ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەندێک جار زیاتریش تۆمار دەکرێ ئەمەش هۆکاری ئەوەبوو کە زوو پەلە کرا لە هەڵگرتنی هەندێک رێککار لە هەندێ شوێن.
گوتیشی لە ماوەی رابردوودا وەک وەزارەتی تەندروستی ئەوەمان راگەیاندووە، کە کە ترسناکی ئەو ڤایرۆسە تەواو نەبووە و هۆشداریمان داوە، کە هەڵگرتنی رێککارەکان حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکات.
بەرزنجی ڕاشیگەیاند “زۆر نیگەران بووین کە رێککارەکان زۆر بە خێرایی هەڵگیران بەتایبەت لە هەندێ دەروازەی سنووری کە بووە هۆی زۆربوونی ژمارەکە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەروازەی سنووری باشماخ کە بووە هۆی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە.
وەزیری تەندروستی دەشڵێت، کە وەک وەزارەتی تەندروستی داوا دەکەن کە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو رابگەیەندرێت هەروەها قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شار و شارۆچکە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق توندتۆڵتر بکرێت.
خەختیشیکردەوە، کە “دەبێ بگەڕێینەوە سەر رێککارەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و رێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی”.
لەمیانەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری تەندروستی داوای کرد، کە بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەوام لە فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان ڕابگیرێ هەروەها پابەندبوونی تەواو بە ماسک و دەستکێش لەو شوێنانەی کە گرنگن بکرێنەوە.