نەوزاد عەلی-سلێمانی
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم پاڵپشتێکی باشە بۆ کۆبوونەوەی شاندەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣-٦- ٢٠٢٠، شاندێکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد، ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێم دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایکردووە و لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەندین لایەنی سیاسی کۆبووەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە بارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، ڕایگەیاند”دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی هەرێم و بەغدا و سەردانی شاندەکانی هەرێم هانگاوێکی باشن بەئاراستەی چارسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، ئەم سەردانانەی ئێستاش تەواوکەری سەردانەکانی پێشووتری شاندەکانی هەرێمی کوردستانە”.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، گوتیشی”سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەردانێکی زۆر ئەرێنی بوو، هەروەها زەمینە سازییەکی باشیشبووە و دەبێتە پاڵپشتێکی باش بۆ کۆبوونەوەی شاندەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق”.
ئایدن مەعروف، ڕاشیگەیاند “کۆبوونەوەکانی هەرێم و بەغدا ئەرێنییە و لێکتێگەیشتنێکی باشیش هەیە لە نێوان هەردوولا و ئومێدێکی زۆریش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە هەرێم بەشێکە لەعێراق و عێراقیش بەرپرسیاریەتییەکی زۆری لە سەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوار چێوەی دەستووردا”.