نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی، کە ناویان دەرچووە بۆ حەجی ئەمساڵ مافیان لە لای ئێمە پارێزراوە و نافەوتێت.
رۆژی 19-12-2019 دیداری حەج لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رێکخرا و 4800 کەس لە تیروپشکێکی ئاشکرادا ناویان دەرچوو، بڕیار بوو ئەمساڵ بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بچنە سعودیە. ئەمڕۆ دووشەممە 23-6-2020 سعودیە بڕیاریدا، کە ئەمساڵ هیچ وڵاتێک ناتوانێت حاجییەکانی بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج بنێرێتە ئەو وڵاتە، بۆیە حاجییانی هەرێمی کوردستانیش ئەمساڵ ناتوانن، فەریزەی حەج بەجێبگەیەنن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە چارەنووسی ئەوانەی ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووبوو، ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی، کە ناویان دەرچووە بۆ حەجی ئەمساڵ مافیان لە لای ئێمە پارێزراوە و نافەوتێت، ئەگەر ساڵی داهاتوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کێشە دروست نەبێت، دەتوانن حەجی خۆیان بکەن”.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەشدەکات، هیچ کەسێک هیچ مامەڵەیەکی حەجی نەکردووە و هیچ بڕە پارەیەکیشیان تەسلیم نەکردووە، چونکە پیشتر ئاگادرا کرابوونەوە، کە هیچ مامەڵەیەک نەکەن تاکو سعودیا بڕیاردەدات لە بارەی حەجی ئەمساڵەوە.
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ڕێژەی حاجیانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو، نەبەز ئیسماعیل جەختیکردەوە و گوتی”جارێ نازانین بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕانکاری بەسەر ڕێژەکەدا دێت یان نا، بەڵام هەموو ئەوانەی ناویان بۆ ئەمساڵ دەرچووبوو، ناویان دەچێتە ساڵی داهاتوو”.