شلێرسەعید:نوچە
سەرۆكی فراكسیۆنە یەكگرتوو لە بەغدا دەڵێت، هەرێم دەبێ بزانێت كەشەكە گۆڕاوە و مەرجەكان جیاوازن یان دەبێ ڕازی بێت یان دەبێ لەناوخۆی هەرێم چاكسازی ڕاستەقینە بكات و ئیدارەی خۆی بدات و پێویستی بە بەغدا نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە شاندەكەی هەرێم بە سەرۆكایەتی جێگری حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، گەیشتە بەغدا، بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە شاندەکە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراق، کۆ ببێتەوە.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، تاوتوێی پرسەکانی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، مووچەی فەرمانبەران، نەوت، کارەبا و گازی سروشتی دەکات.
لەلێدوانێكی تایبەتدا سەبارەت بەسەردانی شاندی هەرێم بۆبەغدا، جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نوچە-ی ڕاگەیاند: ئێستا داواكاریەكان بۆ ڕێکكەوتن لەنێوان بەغداو هەرێم جیاوازە، چونكە بەغدا مەرجەكانی گۆڕاون و جیاوازە. گەر سەیری جیاوازیەكان بكەین یەكەم جیاوازی ئێستا دەوڵەتی عیراق پارەی نییە گەر ئەوەی ڕادەستی دەكرێ كەمتر بێت لەوەی ئەوان دەیدەن بەهەرێم بدەن زۆر قورسە ڕێکكەون. جیاوازی دووەم سەرۆك وەزیران گۆڕاوە بە ڕێكکەوتن نەهاتووە ئەو ئەمریكا دایناوە گوتوویەتی گەر ئەوە نەبێتە سەرۆك وەزیر جارێكی دی باس مەكەن، گەرنا محمد تۆفیق علاوی، سەرۆك وەزیران بایە دەمانتوانی پێی بڵێن موچە و پارەی جووتیاران بنێرە و رەوانەشی دەکرد.
گوتیشی، خاڵی داخوازیەكان گۆڕاون جاری پێشتر تەنها ئەوەبوو 250 هەزار بەرمیل ڕادەست بکرێ و تەواو، بەڵام ئێستا دەڵێت، دەبێ نەوتی خۆی هەموو لە ڕێگای سۆمۆوە بنێری و 250 هەزارەكە هەڵدەگرین و ودەبێ نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەكان رادەستبکرێ.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، خاڵێكی دیكەی گرنگ هەیە، کە ئەویش ئەو قەیرانەی دروستبووە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە و دابەزینی نرخی نەوت، بۆیە وەك جاران نییە پارە هەبێت و تەنها پێویستی بەڕێكکەوتن بێت.
جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەرێم دەبێ بزانێت كەشەكە گۆڕاوە یان دەبێ ڕازی بێت یان دەبێ لەناوخۆی هەرێم چاكسازی ڕاستەقینە بكات و ئیداری خۆی بدات و پێویستی بە بەغدا نەبێت.