شلێر سەعید
شرۆڤەكارێكی سیاسی بەغدا دەڵێت، نابێت لەبیری بكەین كوردستان هەمووكات خاوەن هەڵوێستی ئەرێنی بوون و لەهەوڵی ئەوەدابوون پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا پتەوبکەن.
بڕیارە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣-٦-٢٠٢٠ بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان سەردانی بەغدا بکات.
لە لێدوانێكی تایبەتدا، نوسەر وشرۆڤەكارى سياسي ، باسل كازمی لەبەغدا، سەبارەت بە دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەنوچەی ڕاگەیاند: پێویستە هەرێمی كوردستان و بەغدا یەكگرتوبن چونكە بەغداو هەرێم یەك جەستەن، بۆیە پێویستە كێشە و قەیرانەكان چارەسەربكەین و لەوتاری دژ بەیەك وهەڵچون دووربکەوینەوە، كە هەندێك هێزی سیاسی كردویانە وتاری سەرزمان لە بەغداو لەشوێنەكانی تریش.
باسل کازمی دەڵێت: ئێستا عێراق پێویستی بەهەوڵ و تێكۆشانی هەموو لایەنەكانە بەتایبەت لەگەڵ كورد، پێویستە بە هەماهەنگی کار بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان بکەن.
هاوکات ئاماژە بە رۆڵی ئەرێنی هەرێمی کوردستان دەکات” نابێت لەبیری بكەین كوردستان هەموكات خاوەن هەڵوێستی ئەرێنی بوون لەگەڵ بەغدا، لەهەوڵی ئەوەدابوون پەیوەندییەكان پتەو بکەن”.
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە دەوڵەتداری پیاوی حەقیقی دەوێت” بە هێزی سیاسی بەغدا دەڵێم، وڵاتی حەقیقی دروست نابێت تا پیاوی حەقیقی نەبێت. بۆیە دەبێت ئەوە بسەپێنن كە پیاوی وڵاتن، باوەش بكەنەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و دراوسێ ، بەمەرجێك دەست لەكارو باری وڵات وەرنەدەن و كاریگەیان نەبێت بەسەر بڕیارەكانتانەوە”.