پارتی دژی هەڵوستەکەی یەکێتی لەسەر موچە هاتەدەنگ

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی مووچە بە کۆدەنگی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەت بووە.  

رۆژی یەکشەممە ٢١-٦-٢٠٢٠ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و تەواوی وەزیرەکانی کابینەی نۆیەم کۆبووەوەو چەند بڕیارێکی لەبارەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەرکرد، یەکێک لەو بڕیارانەش کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو بە بڕی لە ٢١%، بەڵام دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران چەند لایەنێکی سیاسی لە ناویشیاندا یەکێتی نیشتمانی کوردستان دژی بڕیارەکە هەڵوێستی وەرگرت.                

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، وەیسی سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، ڕایگەیاند: بەو پێیەی هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی بووەتەوە، بەهۆی نەهاتنی بودجە لە لایەن بەغداوە، هەوەها بەهۆی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، نەک هەرێمی کوردستان، بەڵکو جیهان و عێراقیش تووشی قەیرانێکی دارایی سەخت بووەتەوە، بۆیە پێویست بەوەدەکات، کە سەرجەم وڵاتانی دونیا خۆیان ڕێکبخەنەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستی زانی بەشێوەیەکی کاتی و تەنها بۆ ئەم مانگە پێداچوونەوەیەک بە مووچەی فەرمانبەراندا بکات”.  

پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختیشیکردەوە، ئەو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، کە دوێنێ کرا سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوونە و بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکەی حکومەت پەسەندکراوە.     

وەیسی سەعید، ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە کاتێک لایەنێکی سیاسی لە حکومەت، پەرلەمان یان لە هەر دامەزراوەیەکی دیکەی هەرێم بڕیارێک دەدات، سەرکردایەتی و کادیری ئەو لایەنەش لە دەرەوەی حکومەت و پەرلەمان پشتگیری و پاڵپشتی ئەو بڕیارانە بکات، گوتیشی”ئەوەی بینیمان بەداخەوە چەند لایەنێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران پێچەوانەی دەنگی نوێنەرەکانی خۆیان لە حکومەت هەڵوێستیان هەبووە، کە ئەمەش جێگای نیگەرانی و دڵتەنگییە، چونکە سیاسەت بە دووفاقی ناکرێت”.    

سەبارەت بە دابەشکردنی موچە ڕایگەیاند “هەرچەندە ئەو بڕیارەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی کاتییە و تەنها پەیوەستە بەمانگی دووی ئەمساڵەوە و حکومەت ئەم بڕیارەی لە ناچاری داوە، بەڵام بەپێی ئەو زنیارییانەی لای منە، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم سەرقاڵی ئەوەیە، لە نزیکترین دەرفەتدا بەو داهاتەی، کە لە بەردەستیدایە موچە دابەشبکات”.       

بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران:     

١- مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت وەکو خۆی دەمێنێتەوە.                                                                                                                                                        

٢- مووچەی ئەو مووچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان ٣٠٠  هەزار دینار و خوارتره دەستکاری ناکرێت                  

٣- خەرجکردنی رێژەی ٧٩% خەرجییەكانی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەو دوو بڕگەی سەرەوە نایانگرێتەوە.                                                                                                                                                       

٤- رێژەی ٢١%ی مووچە و دەرماڵە کە دەمێنێتەوە رادەگیرێت و دابەشدەکرێت بەسەر سەرجەم مووچەخۆران بە رەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی مووچەخۆر.                                                                                

٥- کەمکردنەوەی رێژەی ٥٠%ی مووچە و دەرماڵەی پلە باڵاكان و پلە تایبەتەكان و ئەو کەسانەش کە بەو پلانە خانەنشینکراون یان خانەنشین دەکرێن.                                                                                                               

٦- یاسای چاکسازی لە سەرەتای مانگی تەمموزی ٢٠٢٠ ەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.                               

٧- رێکارەکان کاتین و تەنیا بۆ مووچەی ئەم مانگەیە.                                                                                                 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com