ئەسعەد مورادی
بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەستی لەکارکێشایەوە و دەڵێت، لەسەر داوای خۆی دەستم لەکارکێشاوەتەوە و هەروەها ئەو پۆستەش لەلایەن گۆڕانەوە پڕ دەکرێتەوە.
پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لە کاتی رێککەوتنی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی لۆکاڵی لەنێوانیان بەر بزووتنەوەی گۆڕان کەوت و بابەکر دڕەیی، وەک بەڕێوەبەری گشتی دەستبەکاربوو. کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لەو پۆستە رایگەیاند: ئەو پۆستە بۆ چوار ساڵە، بەڵام ساڵێک زیاتریشی بەسەردا تێپەڕیوە و هاوکاتیش خانەنشینیشم رەتکردۆتەوە. هەروەها ئەم پۆستە پۆستی بزووتنەوەی گۆڕانە و بەپێی بەرکەوتەی حکومەتی لۆکاڵی بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری بەر بزووتنەوەی گۆڕان کەوتووە و لە داهاتووش هەر گۆڕان پڕی دەکاتەوە.
”توانیمان سلێمانی بیخەینە
ئاستی شارێکی ئەدەبی جیهانییەوە”
بابەکر دڕەیی دەڵێت، بە شانازییەوە کار و ئەرکەکانی خۆمم ئەنجام داوە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵێدا و بە داخەوە لەبارەی ئەوەی دەگوترا بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هەدەر دراوە، کارەکان لە دادگا زۆر دوا کەوت و دەمویست کارەکان بە لایەکدا بکەوێت، بەڵام درێژەی کێشا و لە بەرانبەر دا تۆپخانەی میدیایی هەندێک لایەن دژمان بوون و زۆر قسەیان پێکردن و دادگا نەیتوانیوە بە هەر بڕیارێک بێت، بەلایەکیدا بخات و داواش دەکەم ئەم بابەتە بەلایەکدا بکەوێت.
لەبارەی ئەوەی یۆنیسکۆ سلێمانی وەک شاری ئەدەبی جیهانی بناسێنێت کێ رۆڵی هەبوو، بابەکر دڕەیی گوتی، بە هاوکاری ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و پارێزگا بوو. یەکەم رۆژ دوو مامۆستای زانکۆی ئەمریکی هاتنەلامان و هاوکاری ئێمە و پارێزگا وایکرد دەیان کۆبوونەوە بکەین و کۆبوونەوەکانیش بەرهەمی هەبوو، ئێستاش ئۆفیسمان بۆ درست کردوون لە پارێزگای سلێمانی. بۆیە توانیمان بیخەینە ئاستی شارێکی ئەدەبی جیهانی.