ئەسعەد مورادی
لێژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە و پەرلەمانتارێکی پارتیش لە کۆبوونەوەکە داوای خەرجکردنی پارەی جووتیارانی کورد، لە کازمی دەکات.
کێشەی جووتیارانی کورد لە گەڵ بەغدا ساڵانێکە بەردەوامە و تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە، هەر چەندە چەندین جار بەڵێنی چارەسەرکردنی دراوە بەڵام هێشتا پارەکە بۆ جووتیارانی کورد خەرج نەکراوە. کە هی ساڵانی 2014، 2015 و 2016_یە و بڕەکەشی 557 ملیار دیناری عێراقە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. مەیادە نەجار، ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ کازمی ڕاگەیاند: کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لێژنەکە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا، تاوتوێی قەیرانی دارایی و رێگاکانی چارەسەرکردنی، کرا.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەک پەرلەمانتاری کورد داوای خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ـی جووتیارانی کوردم کرد و کازمیش بەڵێنی دا کێشەکە چارەسەر بکات.