نێچیرڤان بارزانی: كاتی ئەوەیە بگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش و هەموو دۆسیەكان یەكلابكەینەوە

0

نوچە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە دوو رۆژییەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەركردە و لایەنە عێراقییەكان كۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “كاتی ئەوەیە بگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش و هەموو دۆسیەكان یەكلابكەینەوە”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتی و سەركردە و لایەنە عێراقییەكان، كێشە و بەرپرسیارییەتییەكانی بە هاوبەش بۆ هەموو عێراقییان لە قەڵەم دا و رایگەیاند “هەموومان یەك چارەنووسمان هەیە و كێشەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كێشەی هەموو عێراقییەكانە”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتیشی كردەوە، “دوای ئەزموونی تاڵی چەندین ساڵی گرفت و كێشەی نێوان هەردوولا، ئیدی دەبێ نەچینەوە سەر رابردوو، بەڵكو ئێستا كاتی ئەوەیە بگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش و بە رێككەوتنێكی گشتگیری جێی رەزامەندیی هەردوولا، كە ئارامی و سەقامگیری، دادپەروەری و پێشكەوتن بۆ ئێستا و داهاتووی هاوبەشمان دابین بكات، كێشەكان بە یەكجاری چارەسەر بكەین”.

نێچیرڤان بارزانی دۆخەكە و ئاڵەنگارییەكانی بە سەخت لە قەڵەم دا و گوتی “دەكرێ قەیرانەكان بكرێنە دەرفەت بۆ هاوكاری و پێكەوەكاركردن، بەرەنگاربوونەوەی سەختی و قەیرانەكانی ئێستای وڵاتیش بەرپرسیاریەتی هاوبەشی هەمووانە و بەردەوامی كێشەكان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، هەموومان پێكەوە بە هاوكاری، دەتوانین بگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر‌ شێوازێكی بەڕێوەبردنی باشتری وڵات تا خزمەت بە هەموو هاووڵاتیان بكرێت”.

نێچیرڤان بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە تەواوی كێشە و دۆسیە هەڵواسراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و بە رەچاوكردنی سیستمی فیدراڵی و ماف و ئەركەكان و ئەولەوییەتی باری هەنووكەیی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان چارەسەر بكات، رۆڵی سەركردە و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراقیشی بۆ پشتگیری لە گفتوگۆ و چارەسەر و گەیشتن بە رێككەوتن بە گرنگ و پێویست و ئەركی هەمووان زانی.

بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەركردە و لایەنە عێراقییەكان‌ وێڕای پشتگیرییان لە بۆچوونەكانی نێچیرڤان بارزانی، “سەردانەكەیان لەم كات و دۆخەدا بە پەیامێكی ئەرێنی و هەنگاوێگی دروستی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا و پەرۆشی و جددیەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە قەڵەم دا و خۆشحاڵییان بە ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەربڕی”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە یەكەم رۆژی سەردانیدا بۆ بەغدا بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆكوەزیران، سەرككۆمار، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆبووەوە.

ئەمڕۆ (یەكشەممە 21/6/2020) بارزانی لەگەڵ عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، هادی عامری، سەرۆكی لیستی فەتح، نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و لە دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكاندا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەوڵەكان و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، دۆخی ئێستای وڵات و دەستبەكاربوونی حكومەتی تازەی فیدراڵ، قەیرانی دارایی و لێكەوتەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، مەترسییەكانی تیرۆر و فراوانبوونی جموجووڵ و هێرشەكانی داعش لە عێراق، گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، پاراستنی سەروەری و سنوورەكانی وڵات و برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەكە و جیهان لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش، تاوتوێكران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com