نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە ناو کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
سەرەڕای هەبوونی چەندین قەیرانی سەخت بەتایبەتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، باوەشی کردووەتەوە بۆ ملیۆنێک و نۆ هەزار ئاوارە و پەنابەری کە بەشێکیان لە کەمپەکان نیشتەجێن، ئێستاش کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو لەهەرێمی کوردستان تەشەنەی کردووە، مەترسی گەورەش لەسەر کەمپەکانی هەرێمی کوردستان هەیە لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەو کەمپانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە حكومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەتیکردەوە کە هیچ کۆرنا لە ناو کەمپی ئاوارەکان تۆمارکرابێت، ڕایگەیاند”تائێستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەرانی شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، هەرچەندە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تەشەنەی کردووە، بەڵام ڕووشی ناو کەمپەکان کۆنتڕۆڵکراوە و ڕێکارە تەندرووستییەکان وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن”.
هۆشەنگ محەمەد گوتیشی “پێشووتر سێ کەس کە ئاوارەبوون لە دەرەوەی کەمپەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بوون، ئەو سێکەسەش هەر بە زووی چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و نەبووەتە هۆی ئەوەی کە ڤایرۆسەکە لە ناو کەمپەکان بڵاو بێتەوە”.