ئەسعەد مورادی
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ساڵانە 2 ملیار دۆلاری خاڵە سنوورییەكانی عێراق بۆ حکومەتە و 10 ملیاری دۆلاری دیار نامێنێت. دەشڵێت ”داوای روونكردنەوەمان لە حكومەت كردووە”.
دوای نەوت، داهاتی خاڵە سنوورییەكان دەبێتە دووەم سەرچاوەی داهاتی عێراق، بەڵام بەشێكی زۆری ئەو داهاتە ساڵانە دیارنامێنێت. ئەوە لەکاتێکدایە عێراق بەدەست قەرزی دەرەکی و قەیرانی دارایییەوە دەناڵێنێت. هەروەها توانای دابنینکردنی موچەی نییە و بەنیازە دەستکاری موچەی موچەخۆران بکات.
لە لێدوانێی تایبەت بە نوچە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بارەی بەهەردەردانی داهاتی خاڵە سنووریەکان راگەیاند: شەش خاڵی سنووری عێراق دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی حكومەت لە کاتژمێر سێی ئەوارەوە لەدەست حكومەت نامێنن و چەند گروپێكی میلیشیا داهاتەكەی دەبەن و ناوخۆیاندا رێککەوتوون و دابەشیان کردووە.
جەمال کۆچەر دەڵێت، داهاتی ساڵانەی خاڵە سنوورییەكان لانیكەم 12 ملیار دۆلارە، بەڵام نزیكەی دوو ملیار دۆلاری دەگاتە دەست حكومەت. هەروەها وەكو لیژنەی دارایی لەبارەی دیارنەمانی ئەو پارەیە، داوای روونكردنەوەیان لە حكومەتی عێراقی كردووە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، دەڵێت ئەوەی لە باشووری عێراق چەکداری هەبێ هەرهەمووی وەک چەند گروپێک رێککەوتن دەکەن و کات بۆ بەڕێوەبردنی خاڵەسنوورییەکان لەناوخۆیان دابەش دەکەن.
لەبارەی ناردنی هێزی دژە تیرۆر بۆ خاڵە سنووریەکان، جەمال کۆچەر گوتی ”ئەوە پێشنیاری لیژنەی دارایی بوو، حکومەتیش قەناعەتی وایە، تاڕادەیەک کێشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام تائێستا نەچووتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێت ”پێویستە ئەو فەرمانبەرانەی لەوێن هەمووی بگۆڕدرێت دواتریش سیستمێکی ئەلیکترۆنی جێگیر دابنرێت.