نوچە
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و کارمەندانی تەندروستی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان موڵکی گشتین و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات، پزیشک و کارمەندانیان بپارێزن.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژە بەوە دراوە، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا پزیشک و کارمەندانی تەندروستی خزمەتیان کردووە و هاونیشتمانیانیان چارەسەرکردووە، کەچی لەم هەفتەیەدا سێ جار هێرش کراوەتە سەر نەخۆشخانەکان و هەڕەشە لە پزیشک و کارمەندان کراوە و سووکایەتییان پێکراوە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان موڵکی گشتین و شوێنێکی پیرۆزن، چونکە رۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی چەندین کەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە.
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، “داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەین، کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی لەم جۆرە”.
وەزارەتی تەندروستی باس لەوە دەکات، ئەو هێرشە بە ناڕەوایانە دەکرێتە سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان…
هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە خزمەتکردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەك سەربازی وون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەرکردنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی. جگەلەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا، چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆمارکراوە.
بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێ یەمین جار هێرشکراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، سەرەڕای هەڕەشە و سووکایەتی کردن بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.
لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان مولکی گشتین و شوێنێکی پیرۆزن، چونکە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی چەندین کەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان. بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە کە بەناحەق دەکرێتە سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان.
لەکۆتاییدا داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو کارێکی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین ئارامی زیاتر و ڕوحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن وە هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان لە ڕوانگەی هەستکردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان کەئەمەش سەروەتێکی گرنگی نیشتیمانی یە لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢١ حوزەیران ٢٠٢٠