شلێر سەعید: هەولێر
ئەمڕۆ شەممە(20-6-2020 ) ئاگر لە چەند كۆگایەكی ناوچەی پیشەسازی هەولێر كەوتوە و بەهۆیەوە چەند زیانی مادی لێكەوتەوە و بەرگری شارستانی هەولێریش دەڵێت، لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بەهۆی ڕووداوەكان حەوت كەس گیانیان لەدەستداوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا سەركەوت كاڕەش، بەڕێوبەرەی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر، لەم بارەوە بە نوچەی ڕاگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە 20-6-2020)، ئاگر لە چەند كۆگایەكی تایبەت بە كەل و پەلی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی پیشەسازی باشور هەولێر كەوتەوە.
سەركەوت كاڕەش گوتیشی، ئاگرەكە لە كۆگایكی فرۆشتنی گاز و ڕۆنی ئۆتۆمبیل بووە، لەئەنجامدا دوو ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری گاز سوتان لەگەڵ دوو تانكی خەزن كردنی گاز.
سەركەوت كاڕەش ئاماژەی بەوەشكرد، كە تا ئێستا لەناو هەولێر 782 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە ڕوویداوە و بەهۆیەوە چواركەس گیانیان لەدەستداوە و سێ كەسی دیكەش گیانیان لەدەستداوە بەهۆی خنكان لە ناو ئاودا.
