گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا دەخرێتەڕوو

0

  نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک نیەت پاکی خۆی پیشاندەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەمڕۆ شەممە ٢٠-٦-٢٠٢٠ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان، لە بارەی چەند بابەتێک، بەتایبەتی پرسی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لە بەغدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.   

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا، ڕایگەیاند”نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو کەسانەی کە هەموو کاتێک نیەت پاکی خۆی پیشاندەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خەمخۆری خەڵک، یەکڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بووە، هەوڵیش دەدات کێشەکانی هەرێم لەگەڵ عێراق بەشێوەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و ڕێککەوتن بکرێت”. 

ناسر هەرکی، گوتیشی “چوونی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت، کە هەندێک لایەن و کەسی عەرەبی عێراقی، لە سەر ئاستی پەرلەمان، حکومەت و لایەنی سیاسیش، بیرکردنەوەیەکی تەسکی شۆڤێنی و قەومییان پیشاندا و تاڕادەیەک گرژی لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق درووستبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگیرێت”.                   

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمجارە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نیەت پاکی پیشانداوە و سەردانی بەغدای کردووە، دەیەوێت لەگەڵ لایەنی حکومی و لایەنی سیاسیش کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانیان پێڕابگەیەنێت، کە ئێمە وەک لایەنی کورد هەمووکاتێک هاوسۆز و هاو ئاهەنگین لەگەڵ عیراق و دەمانەوێت کێشەکان لە ڕێی گفتوگۆ وە چارەسەر بکەن.

هەرکی جەختیشیکردەوە و گوتی “کێشەی موچەی هەرێم لەگەڵ بەغدا، کیشەیەکی سەرەکییە، بەڵام ئێمە نابێت هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆمان فەرامۆش بکەین و تەنها بیر لە موچە بکەینەوە، بەڵکو کێشەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی وەک کیشەکانی خەڵک، خاکی کوردستان، بودجە، پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠، ئەمانە خاڵی سەرەکی گفتوگۆن لەگەڵ حکومەتی عێراق”.   

ناسر هەرکی، ئەوەشی ڕاگەیاند “ئێستا عێراق لە دۆخێکی زۆر خراپرایە و باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەقامگیربوونی عێراق، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق بەرژەوەندی عێراقیان لەبەر چاو بێت، دەسەڵاتیان لەدەستی خۆیان بێت و خزمەتکردنی گەلی عێراق بکەنە بەرنامەی کاری خۆیان، هەروەها بڕوایان بەمافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەبێت، دڵنیام ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر ئاسان دەبێت”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com