نوچە
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رایدەگەیەنن، تۆپبارانەكەی ئێران لە چەند رۆژی رابردودا و جێگیركردنی هێزێكی زۆری ئەو وڵاتە لەسەر سنوور، مەترسی بەزاندنی سنوور لەلایەن ئەو هێزانەوەی لێدەكرێت.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكەن، لە بەرەبەیانیی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2020 “تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانكردووە بە تۆپباران و كاتیوشابارانی بەرزاییەكانی گوندی ئالانە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان”.
باسیان لەوەشكردووە، ئەوە یەكەمجار نییە ئێران بە بیانووی لێدانی هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە تۆپ و مووشەك سنووری هەرێمی كوردستان و عیراق دەبەزێنێت، بەڵام باوەڕیانوایە ئەوەی ئەمجارەیان “دوای كۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئێران بوە لە ئەنقەرە”.
لە راگەیەنراوەكەدا پارتەكانی رۆژهەڵات هۆشداریی دەدەن كە كۆماری ئیسلامی جگە لە بەردەوامیی تۆپبارانەكەی، مەبەستی “لێدانی بنكەی حیزبە كوردییەكانی دژبەری خۆی، هێزێكی زۆری پڕچەكیشی بەدرێژایی سنوورەكانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان كۆكردووەتەوە و ئەگەری بەزاندنی سنوور لەئارادایە”.
ناوەندەكە پێکدێت لە:
حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران
حیزبی دیموكراتی كوردستان
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
هەروەها داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەن، ناڕەزایی دەربڕن و داوا بكەن تاران رێز لە سەروەری وڵاتەكەیان بگرێت.