ئەسعەد مورادی
لە هەولێر سێ کەس کوژران و کەسێکیش بریندار بوو. گوتەبێژی پۆلیسی هەلێریش دەڵێت ”بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لەسەر یاریی کۆنکان”.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە شەوی چوارشەممەی رابردوو (١٧-ی مانگ)لە گەڕەکی باداوەی هەولێر، ژنێک هاوژینەکەی لە خەودا بە سێ چەقۆ کوشت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە بارەی رووداوەکەی ناو شاری هەولێر راگەیاند: شەوی رابردوو لە ماڵێکی شەقامی ٣٠ مەتری شاری هەولێر، شەڕ لەنێوان چەند کەسێک دروستبووە، بەوهۆیەوە سێ کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتییشی “تائێستا هۆکاری شەڕەکە روون نییە، بەڵام گوایە لەسەر یاری کۆنکان بووەتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا تەقە کراوە و ئەو سێ هاونیشتمانییە کوژراون و یەکێکیش برینداربووە”.
هۆگر عەزیز لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان ئاماژەی بەوەکرد، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و دواتر روونکردنەوەی زیاتر بڵاودەکەنەوە.