داوادەکرێت دوو موچەیی کەمئەندامان نەبڕێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵاتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە و داوامانکردووە لەکاتی بڕینی دوو موچەیی کەمئەنداماندا یەکێک لە موچەکانیان بۆ بکرێت بە دەرماڵە. 

ماوەی زیاتر لەسێ مانگ دەبێت، کە یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەستیکردووە بە کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە، یەکێک لەو هەنگاوانەش کە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی حکومەت دەیەوێت بیگرێتەبەر رێکخستنەوەی موچە و بڕینی دوو موچەیییە.   

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، سەبارەت بە بڕینی دوو مووچەیی کەمەندامان، ڕایگەیاند”لەئێستادا کێشەی دوو مووچەیی هەیە و حکومەتی هەرێم سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی مووچەیە، بۆیە لە وەزارەت پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە و داوامانکردووە کە لە کاتی بڕینی دوو مووچەیی کەمئەندامان، بەو پێیەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، یەکێک لە مووچەکانیان بۆ بکرێت بەدەرماڵە و بخرێتە سەر مووچەکەی دیکەیان”.    

گوتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، گوتیشی”ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم هەیە و تائێستا نەچووتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا پڕۆژەکە بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم”.   

ئاریان ئەحمەد ئاماژە بەوەدەکات، شان بە شانی ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی دیکەمان ئامادەکردووە، کە ئەویش بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەکەش ئەوەیە کە ڕەنگە بۆ داهاتوو سەنتەرێکی تایبەت بۆ کەمەئەندامان دروستبکەین بۆئەوەی پشکنین بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێت.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com