هۆکاری کۆنەبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بیرکردنەوەی سیاسەتی بەشێک لە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو گرژییانەیە، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە.                                       

بەگوێرەی زانیارییەکان، ماوەی زیاتر لە دوومانگە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کۆبوونەوەی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان هەردوولا هەیە، بەڵام تائێستا ئەو کۆبوونەوەیە نەکراوە و چەندجارێک کات دیاریکراوە و هەڵوەشاوەتەوە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە هۆکاری کۆنەبوونەوەی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند: کارێکی دروست نییە، کە پارتی و یەکێتی کۆنەبنەوە، چونکە ئێمە پێکەوە لە حکومەتین و پێکەوە ڕێککەوتنمان کردووە بەرلەوەی بچینە ناو حکومەتەوە، مێژوویەکی دوور و درێژیشمان هەیە پێکەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە هەست دەکرێت سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بەشێکیان هەزمی ڕێککەوتنی نێوان خۆیان و پارتی ناکەن، لە واقعی سیاسەتی ئێستای هەرێمی کوردستان تێناگەن و خەڵکێکی بێ ئەزموونن لەکاری سیاسی.

بڵند ئیسماعیل دەڵێت “یەکێتی لە حکومەتە، وەزیری هەیە، جێگری سەرۆک وەزیران لە یەکێتییە و پارێزگای سلێمانی بەتەواوی ئیدارەکەیەوە لە دێگەڵە بەو لاوە مدیری مەکتەبێکیش پارتی تێدا نییە، باشە بۆ دەبێت هەموو بەرپرسیاریەتەکە بە تەنها لەسەر شانی پارتی بێت، بۆ لەکاتی دەستکەوت و هەبوونی ئیمتیازات یەکێتی لە حکومەت شەریکە و شەڕ لەسەر وەزیر و پۆستەکانی دیکە دەکات، بەڵام کە دێتە سەر بەرپرسیاریەت، کەمێکیش بەرپرسیاریەتی کوردستان هەڵناگرێت”.  

هەروەها جەختیکردەوە و گوتی”پێمانوایە کە بیرکردنەوەی سیاسەتی بەشێک لە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو گرژییانەیە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە چەند جارێکش ئامادەییمان دەربڕیوە و کاتیشمان دیاری کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، بەڵام دوای ئەو دۆخەی لە پەرلەمانی کوردستان کە یەکێتی هێنایە پێشەوە و لەسەر پرسێکی زۆر پەیرەوی و یاسایی، کۆبوونەکان نەکرا”.  

سەرکردایەتییەکەی پارتی، دەشڵێت “خۆ کۆتایی دوونیا نییە دادگا داوای کردبوو پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ هەڵبگیرێت، بابچێتە دادگا کێ دەڵێت ئەو کەسە بێتاوان دەرناچێت، بۆ دەبێت لەوە بترسین پەیڕەوی پەرلەمان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بنەماکانی دیموکراسییەت جێبەجێ بکەین، وای لێبێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و کۆبوونەوەکانی نێوان دوو حزب پەکی بکەوێت، هەموو شتێک هێرشی بکرێتە سەر، بەس لەبەرئەوەی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتارێک هەڵگیراوە کە لە حزبەکەی خۆشیان نییە”.    

بڵند ئیسماعیل، ڕاشیگەیاند”ئەمە دەرخەری ئەوەیە برادەرانی یەکێتی ناتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ واقعی ئێستای هەرێمی کوردستان بکەن و هەزمی کێشە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان ناکەن و تەحەموولی بەرپرسیاریەتیان پێناکرێت، حزبێکیشن دەیانەوێت بەردەوام لە بەرپرسیاریەت ڕابکەن، پێیەکیان لەناو حکومەتە لەکاتی دەستکەوتەکان، پێیەکەی دیکەشیان لەکاتی قەیران و کێشەکان لەدەرەوەی حکومەتە و گلەیی لەحکومەت دەکەن”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com