دوایین زانیاری لەبارەی ئەنجامدانی حەجی ئەمساڵ

0

شلێر سەعید: هەولێر

بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی حوزەیران گەشتی حاجیان لە ھەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج دەست پێ بکات، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات، کە تا ئێستا سعوودیە ھیچ رێنمایی و ئاگادارکردنەوەیەکی نەبووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

بڕیار بوو   لە 30ی حوزەیران یەکەم گەشتی حاجیانی ھەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە بەڕێكەون، کە بۆ ئەمساڵ (44000)  چوار ھەزار و 880 پشک بوو کە لەنێو دە ھەزار و 359 کەسەوە بە تیروپشک دیاریکرابوون جگە لەوەی ھەندێک پشکیش بۆ کەسوکاری شەھیدان و بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایانەیە کە حاجیان دەگوازنەوە.

لە لێدوانێكی تایبەتدا سەبارەت بەوەی ئایا فەریزەی حەج ئەنجامدەدرێت یان نا ، شێخ قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، بەنوچەی ڕاگەیاند: فەریزەی حەج بە پلەی یەکەم پەیوەندیدارە بە سعوودیەوە، کە لەڕێگای دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراقی کارەکانمان ئەنجام دەدەین، بێگومان ئەمساڵ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر پڕۆسەکە، بۆی ھەیە کاری نەرێنی رووبدات، چونکە تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە، کە دەست بە ئامادەکارییەکانی کۆتایی بکەین بۆ ئەوەی پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت وەک ساڵانی رابردوو، سعوودیەیش تا ئێستا بێ دەنگە لە دەرکردنی ھەر رێنماییەک یان بڕیارێک کە ئایا حەج ئەنجام دەدرێت یان نا، بۆیە ئێمە چاوەڕوان دەکەین و لە ئەگەری ھەر بڕیارێکیش ئەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات بە ئەنجامدانی پڕۆسەکە یان نا”

شێخ قاسم بەرزنجی ئاماژە بەوەیش دەکات، کە لە ئەگەری ئەنجامدانی پڕۆسەکە تێچووی گەشتەکە سەدا ١٠٠ زیاد دەکات و گوتی: ”ئەگەر پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت تێچووی گەشتەکە  %100 زیاد دەبێت ھەم لە رسومات و ھەم لە خەرجییەکانی دیکەش، چونکە ئەگەر ساڵانی پێشووتر چەند کەسێک لە ژووری ھۆتێلێک بوونایە لەئێستادا نابێت لە یەک یان دوو کەس زیاتر بن و بێگومان ئەمەیش کار دەکاتە سەر تێچووی گەشتەکە”.

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف  لەبارەی کاتی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە و ئامادەکارییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئەم پڕۆسەکە گوتی ”ئەگەر بەشێوەیەکی ئاسایی بووایە، ئەوا دەبووایە ٣٠ی حوزەیران یەکەم گەشتی حاجیان بۆ سعوودیە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێستا کاتەکە لەوە دەرچووە و درەنگە، ھەر کاتێکیش ئاگادارمان بکەنەوە ئێمە تاوتوێی بابەتەکە دەکەین ھەرچەندە تا ئێستا روون نییە پڕۆسەکە لەسەر چ بنەمایەک ئەنجام دەدرێت، چونکە تاکو ئێستا فڕۆکەخانەکان داخراون”.

شێخ قاسم بەرزنجی گوتیشی ”بە بۆچوونی ئێمە ھیچ کات نەماوە بۆ ئەنجامدانی سەفەری حەج چونکە ئامادەکاری دەوێت وەکو ئامادەکردنی باڵەخانەکان و شێوازی گواستنەوەیان، لەگەڵ ئەوەیشدا ھاووڵاتییان کەم پەیوەندی بە ئێمەوە دەکەن و ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە ھاووڵاتییانیش ئارەزوومەندنین گەشتەکە ئەنجام بدەن کە جگە لە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەیرانی داراییش کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە ھەیە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com