قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانی یەکڕیزی لە رۆژئاوا کۆتاییهات

0

نوچە: ڕۆژ نیوز

شاندی پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد “ئەنەکەسە” کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانیان بۆ یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی هاوبەشیان، ئەمڕۆ کۆتایی بە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای تێڕوانینی سیاسی هاوبەش بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات.

هەر بەپێی بەیاننامەکە، ڕێککەوتننامەی ساڵی ٢٠١٤ی دهۆک کراوەتە بنەمای پەیوەندی گفتوگۆکانی نێوانیان.

دەقی راگەیێندراوەکە:

لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد لە شاری حەسەکە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانیان لەپیناو یەکڕیزی کورد کۆتایی پێهێنا و هەردوولا گەیشتنە تێڕوانینێکی سیاسی هاوبەش و پابەند و لێکتێگەیشتنی سەرەتایی، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ٢٠١٤ی دهۆک لەبارەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لە ئیدارە و پاراستنی ئەمن لەسەربنەمای گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هەردوولا، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە ئایندەیەکی نزیکدا.

هەردوو شاندەکە جەختیان لە گرنگی هاوکاری و یەکڕیزی کورد لە سوریا و پاراستنی دەستەکەوتەکان کردەوە، کە هەنگاوێکی مێژوویی گرنگ بوو بۆ لێکتێگەیشتنی گەورە و هاوکاری ڕاستەوخۆ کە گەلی کورد لە سوریا و سورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانەوە سودمەندبوون لێی، پێداگریشیان لەسەر ئەوە کردەوە کارەکانیان وەفایەکە بۆ قوربانیدانی کوڕان و کچانی سوریا بەتایبەت شەهید و بریندارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و خێزانەکانیان، کە بە گیانی خۆیان قوربانییان لەو ڕێگایەدا بەخشی بۆ پاراستنی جیهان لە دژی داگیرکارییەکانی داعش.

ئەم لێکتێگەیشتنانە یەکەمین هەنگاوی گرنگە، کە بە سەرپەرشتی یاریدەدەری جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نیودەوڵەتی، ولیام روباک و فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم کۆبانێ، بەردەوام دەبن. شاندی هەردوولا سوپاسی مەزڵوم کۆبانێیان کرد لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە بۆ یەکگرتنی کورد لە سوریا و پاڵپشتییەکانی نیچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی، هەروەها سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش دەکەن بۆ پاڵپشتییەکان لەبارەی یەکڕیزی کورد و هەوڵدان بۆ ئاییندەی سوریایەکی دیموکرات و فرە ڕەنگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەهەموو پێکهاتەکان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com