شلێر سەعید: هەولێر
پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت، دەبێ ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا بڕیاربەدەست بێت و بتوانێت رێككەوتن بكات، بۆیە باشترە لەسەر ئاستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت بێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، سەلیم شوشكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، سەبارەت بە ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند: پێویستە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەوێ، چونكە ئەگەر ڕێككەوتن نەبێت بارودۆخی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە هەڕەشەی دێتەسەر.
سەلیم شوشكەیی گوتیشی، نابێت بەغدا ئیستیغلالی بارودۆخەكە بكات یان هەرێمی كوردستان مەرجی قورس دابنێت، پێویستە رێككەوتنەكان لە چوارچێوەی دەستوور بێت و هەرێم لەو دڵەڕاوكێیە رزگاری ببێت و چیتر موچەخۆران خەمی موچەیان نەبێت.
شوشكەیی ئەوەشی ئاشكراكرد، خەڵك چیدی بێ موچە ناحەوێتەوە، ئێستا هەر كارمەندانی تەندروستی بایكۆت دەكەن، بەڵام بارودۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، دوای تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 مامۆستایان و دواتریش پیشمەرگە، بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە هەموویان مانبگرن حكومەت نامێنێت، چونكە كۆرۆناش جیهانی خستۆتە مەترسیەوەو حكومەتی كوردستانيش لەوە بەدەر نییە.
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەڵێت، پێموایە دەبێ ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا بڕیاربەدەست بێت و بتوانێت رێككەوتن بكات، بۆیە باشترە لەسەر ئاستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت بێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێتوایە جێگری سەرۆكی حكومەت ناتوانێت بڕیاربەدەست بێت؟ سەلیم شوشكەیی دەڵێت: من ناڵێم جێگری سەرۆكی حكومەت بڕیاربەدەست نییە، بەڵام بڕیاری سەرەتا و كۆتا بۆ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم دەگەڕێتەوە و دەبێ لەم شاندەی دەچێت بۆ بەغدا نوێنەری پەرلەمانیشی تیابێت و دوور و نزیك ئاگایان لە دانیشتنەكان بێت.