ئەسعەد مورادی
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئەمریکا هاوکات بە هەوڵی دیپلۆماتیک لە عێراق خەریکە گوشار و ئابلۆقەی سیاسیش دەخاتە سەر ئێران، وەک تەواوکەر و درێژەی ئابلۆقە ئابوورییەکان.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو ئەمریکا و عێراق ئمادەکارییان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنێکی مێژوویی، شارەزایان پێیان وایە رۆڵی ئێران لە عێراق لاواز دەبێت. چونکە عێراق دەبێت پابەندی مەرجەکانی ئەمریکا ببێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، چاودێری سیاسی، لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئەمریکا، رایگەیاند: بەباوەڕی من تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆگشتیەک لە ڕووبەڕوو بوونەکان لەخۆ دەگرێت، کە ڕیککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق، بەشێکی دەتوانێ لەنێو ئەو کۆگشتیەدا جێ بگرێت.
شاهۆ حوسێنی ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەمریکا بە دەرچوون لە ڕیککەوتنی ناوەکی لە ٨ مەی ٢٠١٨، کە ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و گروپی ٥+١ مۆرکرابوو، لە راستیدا بەشێوەیەکی فەرمی چەخماخەی گوشار خستنە سەر ئێرانی لێدا، کە دوایی بە ئابلۆقەگەلێکی بەربڵاو بە مەبەستی تووشی قەیران کردنی ئابووری ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی تازە لەگەڵ ئەمریکا درێژەی کێشا، ئاکامی ئەو ئابلۆقانە پێشگرتن بە فرۆشتنی نەوت، ئابلۆقە خستنی سەر بانکەکان بە مەبەستی دەستڕانەگیشتن بە دەراو و بەگشتی پێشگرتن بە هەناردەکردنی بەشێکی بەرچاو لەو شت و مەکانی ئێرانی بوو، کە بێجگە لەنەوت ئێتران ساڵانە هەناردەی دەرەوەی دەکرد.
ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە، کە ئەو دۆخە کارتێکەری یەکجار زۆر خراپی لەسەر ئابووری ئێران دانا، بەجۆرێ کە ئەو رەوتە کارتێکەری نەێگەتیڤی لەسەر بەشیکی زۆر لەڕیکخراوە تێرۆریستێکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکانی یەمەن و رێکخراوەکانی ناو عێراق دانا. بێگومان بە هەر ڕێژەیەک زەمان تێدەپەڕیت کارتێکەرێکانی ئەو گوشارانە زیاتر دەردەکەوێت.
حوسێنی گوتیشی ”لە تەنیشت ئەو ڕەوەندە، ئەمریکا هاوکات بە هەوڵی دیپلۆماتیک لە عێراق خەریکە گوشار و ئابلۆقەی سیاسیش دەخاتە سەر ئێران، وەک تەواوکەر و درێژەی ئابلۆقە ئابوورییەکان، بەجۆرێک، کە لە هەوڵی ئەوە دایە، ژێئۆپۆلەتیکی دزەی ئێران ئەوەندیتریش سنووردارتر بکاتەوە، کە بە کەم کردنەوەی دزەی ستراتیژیکی ئێرانە لە عێراق.