نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا دوو فەرمانبەری پەرلەمانی کوردستان و ئەندامێکی پەرلەمان تووشی کۆرۆنا بوون.
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندبوو، پشکنینیان بۆ ١٩٧ کەس لە ئەندامانی پەرلەمان، فەرمانبەران و دەستەی سەرۆکایەتی کردووە بەشێکیان پۆزەتیڤ بوون، بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، سەرجەم کارەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو هەفتە رابگرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زکری ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ناو پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: تاکو ئێستا دوو فەرمانبەری پەرلەمانی کوردستان و ئەندامێکی پەرلەمان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، ئەوانەی ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ بووە گەڕاونەتەوە ئەندامانی خێزانەکانی خۆیان، ئەوانەشی ئەنجامەکانیان دەرنەچووە چاوەڕاونن، ئەگەر ئەنجامەکەیان نێگەتیڤ بێت دەگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان”.
زکری ئەحمەد، گوتیشی”بەهۆی ئەوەی تووشبووانی پەرلەمان بەرکەوتەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکە هەبووە، بۆیە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ دەوامی فەرمی پەرلەمانی کوردستان راگیراوە و پێویستە پەرلەمانتارانیش و فەرمانبەرانی پەرلەمان بۆ ١٤ رۆژ لە ماڵەکانیان خۆیان کەرەنتین بکەن و تێکەڵاوی خەڵک نەبن”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێت”پەرلەمانتاران لە ماڵەکانی خۆیان دەمێننەوە، چاوەڕاوان دەکەین دوای ١٤ ڕۆژی دیکە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەسپێبکەنەوە، چونکە دۆخ و ژیانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان زۆر ناخۆشە، بۆیە پێویستە پەرلەمان ڕۆڵی خۆی بگێرێت و سەرجەم فراکسیۆنەکان بەیەکەوە هەوڵبدەن ئەو پڕۆژانە لەپەرلەمان تێپەڕێنن کە خزمەت بەخەڵک دەکات”.
زکری ئەحمەد، جەتیشیکردەوە”هەر فراکسیۆنێک بەجیا لای خۆیەوە هەوڵیداوە و هەمووشیان پڕۆژەی باشیان پێیە بۆ باشترکردنی دۆخ و ژیانی خەڵک، دەبێت هەموو لایەنەکان ململانێ و بەرژەوەندی حزبی بەلاوە بنێن، بەیەکەوە و بەهاماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کار بۆ بەرژەوەندی خەڵک بکرێت لە پەرلەمانی کوردستان”.