نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی تووشبوونی کارمەندێکی پەرلەمان بە کۆرۆنا کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان دواخرا. دەشڵێت ”ەو فەرمانبەرەی تووشی کۆرۆنا بووە، بەردەوام بەرکەوتنی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەبووە”.
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە ٩-ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ و لە سەر داوای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لەنێوان دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆک فراکسیۆنەکان بەڕێوە بچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شوان زراری، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، ڕایگەیاند: بەهۆکاری ئەوەی، کە فەرمانبەرێکی پەرلەمانی کوردستان، بەپلەی شارەزا، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دواخراوە بۆ کاتێکی دیکە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی، گوتیشی “ئەو فەرمانبەرەی، کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، پێشتر بەرکەوتنی لەگەڵ خوشکی هەبووە، کە لە نەخۆشخانەیەکی کۆرۆنا دکتۆرەیە و لەوێ دەوامی کردووە، دەرکەوتووە ئەو دکتۆرەیەش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە”.
شوان زراری دەشڵێت “ئەو فەرمانبەرەی تووشی کۆرۆنا بووە، بەردەوام بەرکەوتنی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەبووە، پشکنینی کۆرۆنا بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پەرلەمانتارانەش کراوە، کە ئەمڕۆ لە دەوامکردن بوونە، چاوەڕاوانی ئەنجامی پشکنینەکانین، ئەگەر حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە پەرلەمان هەبێت دەبێت حسابی بۆ بکرێت، ئەگەر حاڵەتی نوێش نەبێت، ئەوا کۆبوونەوەکە دەکرێت”.