کۆمەڵ بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات

0

شلێر سەعید: هەولێر

 سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ناکەن.

دوای زیاتر لە مانگێك راوەستان، پەرلەمانی كوردستان هەفتەی داهاتوو دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكاتەوە، ئه‌مڕۆش دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە.

 بڕیارە ئه‌مڕۆ سێشەممە ٩-ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ و لەسەر داوای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کۆبوونەوەیەک لەنێوان دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بەڕێوە بچێت.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان رایگەیاند: بڕیارماندا بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکەین و کۆبوونەوەی لەوجۆرەش بە پێویست نازانین، لەبەرئەم هۆکارانە:

ـ لەدوای بەزمەکەی ٧ ی ئایاری ڕابردوو کە پارێزبەندی لەسەر کاک سۆران عومەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ هەڵگیرا، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا نەهاتووە و ئەو جۆرە تێڕوانین و بیرکردنەوەیەش کاری گەورەی لێچاوەڕوان ناکرێت.

ـ لەم دۆخە سەختەدا و بەم هەموو قەیران و کێشە و گرفتەی بۆ خەڵک دروستکراوە، پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتیەکەی جورئەتی باسکردنی لێپرسینەوەشی لە حکومەت نیە کە بەرپرسی ئەم هەموو قەیرانەن و کێشەیەن، کۆبوونەوە و کۆنەبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان چی لە بارگرانی خەڵک کەمدەکاتەوە و چەند لە برینیان ساڕێژ دەکات؟!

ـ ئێمە پێمانوایە کە دەبوو پەرلەمان بەجدی لەسەر خەت بوایە بۆ موچە و گوزەرانی خەڵک، نەک کۆتا کەس قسە بکات، قسەکردنەکەشی هەر هێندەی بێدەنگییەکەی کاریگەریی هەبێ !

ـ هەرکات کۆبوونەوە بۆ دانانی ئەجێندا و بەرنامەی کۆبوونەوەی تایبەت بە بانگهێشت و لێپرسینەوە لە حکومەتی هەرێم بێت، ئێمە بە جدی بەشداری دەکەین و پێویست بوو پەرلەمان خەریکی ئەم هەنگاوە بوایە نەک خۆ خەریککردن بە شتی لاوەکی !

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com