ململانێكانی ناو یەكێتی، بە زیانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەواو دەبن
نوچە: هەولێر
لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ململانێكانی ناو یەكێتی توندتر دەبنەوە و كۆسرەت رەسوڵیش هۆشدار بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوە، كە لە ریزەكانی یەكێتی دەریدەكات.
ماوەیەكە بەهۆی دیاری كردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كێشە و ململانێكانی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار بۆ داهاتووی ئەو حیزبە دەچێتە پێشەوە، چونكە باڵەكان كۆك نین لەسەر كاندیدكردنی كەسێك بۆ ئەو پۆستە.
بە گوێرەی زانیارییەكان باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی، كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەرۆكایەتی دەكات، پشتیوانی لە دكتۆر نەجمەدین كەریم دەكەن، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش پاڵپشتی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەكەن، ئەمەیش كێشە و ململانێكانی ناو ئەو حیزبەی ئاڵۆزتر كردووە.
سەرچاوەیەك لە یەكێتی بە ئیلافی راگەیاندووە كەوا “كۆسرەت رەسول جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، هەڕەشەی لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كردوە، كە ئەگەر كۆسپ لە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی درووست بكات، بۆ كاندید كردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، لە ناو ریزەكانی یەكێتی دەریدەكات”.
هەروەك سەرچاوەكە وتویشییەتی “عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ناوبژیوانی لە نێوان كۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكات”.
