نەوزاد عەلی-سلێمانی
ژمارەی ئەو حاڵەتانەی، کە لە چوار ڕۆژی ڕابردوو لەناحیەی خەلیفان بەڤایرۆسی کۆرۆنا تومارکراون، گەیشتووەتە ٩ حاڵەت بەڕێوبەری ناحیەی خەلیفانیش، ڕایدەگەیەنێت “سەرچاوەی تووشبووەکانی خەلیفان پێشمەرگەێک بووە، کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەوامی هەبووە و گەڕاوەتەوە خەلیفان”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کاروان کەریم خان، بەڕێوبەری ناحیەی خەلیفان، ڕایگەیاند “لەچەند ڕۆژی ڕابردوو چەند حاڵەتێکی کۆرۆنا لە خەلیفان تۆمارکران، لە چوار چێوەی بەدوادا گەڕانی تیمەکانمان، دوێنێ پێنج پشکنینی کۆرۆنا لەخەلیفان کراوە و ئەمڕۆ ئەنجامەکەیان دەرچووە و هەموویان پۆزەتیڤ بوون، ئەو کەسانە هەموویان بەرکەوتەی کەسێکی تووشبوون، کە گومانمان لێی هەبووە”.
کاروان کەریم خان گوتیشی”زانیاریمان هەبووە، کەسێک لە پارێزگای سلێمانی گەڕاوەتەوە و نیشانەکانی کۆرۆنای هەبووە، دوای بەدوادا چوونی هێزە ئەمنییەکان توانراوە ئەو کەسە بدۆزرێتەوە و پشکنینی بۆ بکرێت، دەرکەوت ئەو کەسەش هەڵگری ڤایرۆسەکەیە و کوڕی ئافرەتێکی تووشبووە لە خەلیفان و دوو منداڵە تووشبووەکەش منداڵی ئەو پیاوەن، بۆیە پێشبینی دەکرێت سەرچاوەی تووشبووەکانی خەلیفان ئەو کەسە بێت”.
بەڕێوبەری ناحیەی خەلیفان ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو کەسەی گومانی لێدەکرێت سەرچاوەی تووشبووەکان بێت و سەرجەم ئەو کەسانەی، کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن و ئەوانەشی گومانیان لێدەکرێت رێکارە تەندروستییەکانیان بۆ گیراوەتە بەر. دەشڵێت “هەرچەندە ئەمە سەلماندنێکی زانستی نییە، بەڵام ئەنجامەکان پێمان دەڵێن سەرچاوەکەی بەو شێوەیەیە، دوای ئەوەی باس لەوەدەکرێت چەند حاڵەتێکی دیکە لە شوێنی دوامکردنی ئەو کەسەی خەلیفان بە کۆرۆنا تۆمارکراوە لە پارێزگای سلێمانی”.