شلێر سەعید
حەسەن کەعبی داوایکردووە، شوێنی دیکە بۆ لەخۆگرتنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەبکرێت و هۆشداری دەدات.
لە لێدوانێکدا بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان، حەسەن کەعبی سەرۆکی شانەی قەیرانی کۆرۆنا لە عیراق، هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی، بۆ پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی گەڕاندەوە.
ئەم بەرپرسە عیراقییە دەڵێت: قەدەغەی هاتووچۆ سوودی نییە،خەریکە سیستمی تەندروستی لە وڵات هەرەس دێنێت، بۆیە دەبێ خەڵكی زیاتر پابەندی ڕێنمایەكان بن و خۆیان بپارێزن. هاوکات داوادەکات شوێنی دیکە بۆ تووشبوان ئامادەبکرێت.
لەلایەكی دیكە وە، نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەم رۆژە سەختانەدا کە کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە بەتایبەتی لە بەغدا، جارێکی تر داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، زیاتر ئاگاداربن و پابەندی رێوشوێنە خۆپارێزییەکان بن، هەروەها خۆیان لە تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی دیکە بەدووربگرن و دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنن.