ژمارەی ئەو توشبووانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە ئاشکرا دەکرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، توانای تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەوێتە سەر ژمارەی ئەو حاڵەتانەی، کە باری تەندروستییان ناجێگیرە. 

تائێستا کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید- ١٩) لە هەرێمی کوردستان ١٠٠٠ تووشبووی تێپەڕاندووە، زیاتر لە ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان لە هەرێمی کوردستان بە ڤایرۆسەکە لە هەڵکشاندایە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هۆکاری تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە هەرێم، ڕایگەیاند: ئەو هەڵکشانەی دووەمی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لە لایەن خەڵکەوە فەرامۆشکران و زۆر بێباکانە سەیر دەکرا بەوەی، کە چەند ڕۆژێک پێش جەژن، لە رۆژانی جەژن و دوای جەژنیش تێکەڵاوییەکی زۆر هەبووە لەلایەن هاوڵاتیانەوە.   

گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەشڵێت “ژمارەیەک نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی هەرێم ئێستا باری تەندروستییان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری چڕدان، بەجۆرێک لە هەولێر ٢ بۆ ٣ حاڵەتمان هەیە باری تەندروستییان زۆر ناجێگیرە و نزیکەی ٦ حاڵەتمان پێویستییان بە ئامێری ئۆکسجینە بۆ هەناسەدان. هەروەها لە سلێمانیش ٤ بۆ ٥ حاڵەتمان هەیە باری تەندروستییان زۆر ناجێگیرە، نزیکەی ٥٠ کەسیش لە ژێر ئامێری ئۆسجیندان”.                       

ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو نەخۆشانەی، کە باری تەندروستییان جێگیرە، جیا دەکرێنەوە و لە شوێنێکی دیکە دادەنرێن و چەند کارمەندێکی تەندروستیان لەگەڵ دەبێت، بۆئەوەی ئەو توانایەی، کە هەمانە زیاتر لەو نەخۆشانە بەکار بهێندرێت، کە باری تەندروستییان ناجێگیرە.  

سەبارەت بە پێداویستی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی هەرێمدا، گوتی “لەڕووی پێداویستی، شوێن، کارمەند و ئەو دەرمانانەی کە هەیە، تائێستا بە خۆشحاڵییەوە هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت بەتایبەت ئەوانەی، کە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بگاتە ٢٥٠ حاڵەت ئەوا ئەزمەیەکی زۆر گەورە دروست دەبێت و گریمانەی ئەوە هەیە، کە شوێنی تایبەتیان لە نەخۆشخانەکان بۆ نەمێنێتەوە”. 

گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایشیگەیاند، ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە بەهۆی کۆرۆناوە دوو گریمانە هەیە، کە بریتییە لە:
یەکەم/ هەرێمی کوردستان بەرە و کارەسات هەنگاو دەنێت و زۆر نزیکە ئەگەر بەوشێوەیە بەردوام بێت.
دووەم/  ئەگەر لەسەر ئاستی تاکە کەسی خەڵک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بێت و خۆی بپارێزێت، لەماوەی دوو مانگی داهاتوو دەتوانرێت ژمارەی تووشبووان لە سفر نزیک بیێتەوە”. 

هاوکات جەختیشیکردەوە، کە ئێستا شەڕی کۆرۆنا بووەتە شەڕی تاکە کەسی، بۆیە دامەزراوە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بەتەنها کۆنترۆڵی پەتای کۆرۆنا بکەن، ئەگەر هاوڵاتیان هاوکار نەبن و خۆیان نەپارێزن.       

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com