شلێرسەعید: هەولێر
تەندروستی كۆیە رایگەیاند، تەنها شەش جیهازی هەناسەدانمان هەیە و خەڵكی وەك پێویست پابەندی ڕێنمایی خۆپاراستن نین لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا و ئەوەش جێی مەترسییە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە رێگای دەزگاكانی ڕاگەیاندن و بە نوسراو و لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكان، پەیام دەنێرن بۆ خەڵك، كە خۆیان بپارێزن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە پەتایەكی جیهانییە و مەترسی هەیە بۆ سەر تەندروستی هەرتاكێك گەر توشی ببێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، شێروان جەلال، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تایبەت بە كۆرۆنا، لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كۆیە، لەم بارەوە رایگەیاند: لە ئێستادا لە كۆیە هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە و ئێمە رۆژانە لە رێی تیمەكانمانەوە بەشێوەی هەڕەمەكی لە بازاڕ و شوینە گشتییەكان پشكنینمان بۆ هاوڵاتیانی قەزای كۆیە و ناحییەكانی دەورووبەری ئەنجامداوە و دەمامكمان دابەشكردووە بەسەریاندا.
شێروان جەلال راشیگەیاند، لە ئیستادا خەڵك گوێ بە خۆپاراستن نادات و پابەندی ڕێنمایەكان نییە و ئێمە دوێنێ دەمامكمان بەسەر خەڵك دابەشدەكرد، بەڵام ئەوان لە باغەڵیان دەنا. ئاماژەی بەوەشكرد، کە گەر بەمشیوە خەڵك پابەند نەبن، نەك ئێمە لە كۆیە پێمان كۆنترۆڵ ناكرێ، بەڵكو هەولێریش پێی كۆنترۆڵ ناكرێت.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی تایبەت بە كۆرۆنا لە كۆیە ئاشكراشی كرد، كە لە كۆیە سەنتەری كۆرۆنامان هەیە، 12 قەرەوێلەیە و تەنها شەش جیهازی هەناسەدانی دەستكردمان هەیە. گوتیشی ”داوادەكەین خەڵك پابەند بن و خۆیان بپارێزن”. نەشی شاردەوە، كە ناهۆشیاری خەڵك بەو ڕادەیەیە، کە هەر باوەڕناكات ڤایرۆسەكە هەیە.