نوچەنێت
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ١١٨١٦ هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕاونەوەتە ناو خانەوادەکانیان. ٦٢٢ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان و تاوەکو ئیستا پشکنین بۆ ٨٥ هەزار و ٨١٦ کەس کراوە.
راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی:
راگەیاندراوی ژمارە 102
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:
1. کەرەنتین
تاوەکو ئەوڕۆ (12760) هاووڵاتی “ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان” کەڕەنتین کراون، لەئێستادا تەنها (944) هاووڵاتی لە (33) شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ (205) لە هەولێر، (63) لە سلێمانی، (676) لە دهۆك. وە (11816) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو کردنی ماوەی 14 رۆژ وە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین، لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کە کۆی گشتی (329) هاووڵاتی بوو.
2. پشکنین
لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا: (1152) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (268) هەولێر، (482) سلێمانی، (400) دهۆك، (2) گەرمیان.
(کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (85816) پشکنین بووە)
3. دەرەنجامی 24 کاتژمێری ڕابردوو:
(1) گیان لەدەستدان، (4) چاکبووەوە، (74) تووشبووی نوێ تۆمار کرا بەم شێوەیەی خوارەوە:
•پارێزگای هەولێر (29) پۆزەتیڤ و (1) گیان لەدەستدان: (5) پیاو و (9) ئافرەت و (3) کچی گەنج، (12) منداڵ، دوو تووشبوو نیشانەی نەخۆشیەکەیان ھەیە و ئەوانی تر ھەموویان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، ھەموویان دانیشتووی ناو شاری هەولێرن.
•پارێزگای سلێمانی (45) پۆزەتیڤ و (4) چاكبووەوە :
شاری سلێمانی (43) پۆزەتیڤ: (28) پیاو و (13) ئافرەت و کچێك و کوڕێکی گەنج، چوار تووشبوو بەرکەتووی تووشبووانی پێشوون و تووشبووانی دیکە ھەموویان نیشانەی نەخۆشیان هەیە، دوو تووشبوو دانیشتووی ناحیەی بازیان، دوو تووشبوو دانیشتووی ھەڵەبجەی تازە، یەك تووشبوو دانیشتووی وارماوە، یەك تووشبوو دانیشتووی ناحیەی چوارتا، یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای سەیدسادق، سی و شەش دانیشتووی ناو شاری سلێمانی.
ئیدارەی گەرمیان (2) پۆزەتیڤ و (4) چاكبووەوە: پیاوێکی تەمەن (47) ساڵ و منداڵێکی تەمەن (9) ساڵ، ھەردووکیان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، دانیشتووی گەڕەکی شەھیدان لە قەزای کەلار.
4. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (1089) تووشبوو، لەنێویاندا (19) مردن هەیە و (448) نەخۆش چاکبووەتەوە، وە ئێستا (622) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان، بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە
(https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە 122.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٦ی حوزەیران ٢٠٢٠