نوچە
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، گیانلەدەستدانی توشبوویەکی دیکەی کۆرۆنای لە شاری هەولێر راگەیاند کە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵانە.
بە گیانلەدەستدانی ئەو تووشبووە، کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 19 کەس. هاوکات 1089 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 444 کەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئەو تووشبووە دەڵێت، دانیشتووی کامەرانی سیتی شاری هەولێرە، دوای خەواندنی لە نەخۆشخانە و مانەوەی لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە بەشی چاودێریی چڕ گیانی لەدەستدا.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دۆخەکە مەترسیدارە و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
دەقی راگەیێندراوەکە:
تووشبووێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانی لەدەستدا …
تووشبووێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوی COVID19 پیاو تەمەن ٥٠ ساڵ دانیشتووی کامەرانی سیتی لە شاری ھەولێر، دوای خەواندن لە نەخۆشخانە و مانەوەی لەسەر ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد لە بەشی چاودێری چڕ گیانی لەدەستدا.
وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو هیوادارین هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن.
وەزارەتی تەندروستی
٦ حوزەیران ٢٠٢٠