نوچە
بەهۆی داوەتێكی نانخواردن، كە لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا رێكخراوە لە كەركوك، 35 كەس توش ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، شانەی قەیرانەكانی پارێزگاكەش سكاڵای یاسایی لەسەر رێكخەری ئەو داوەتە و رێكخەری شەكراوخواردنێكی دیكە تۆماردەكات.
لە راگەیەندراوێكدا شانەی قەیرانەكانی پارێزگای كەركوك رایگەیاندووە، کە سكاڵای یاسایی لەسەر رێكخەری ئەو خوانە تۆماردەكەن، كە لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا لە گەڕەكی غرناتەی شاری كەركوك رێكیخستبوو- و بەهۆیەوە زیاتر لە 30 كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببون. هەروەها سكاڵای یاساییش لەدژی رێكخەری ئەو شەكراوخواردنەش تۆماردەكەن، كە ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە٣-٦-٢٠٢٠) لە گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركوك ئەنجامدراوە.
شانەی قەیرانەكانی كەركوك دەشڵێت، خاوەنی ئەو داوەت و شەكراوخواردنەوەیە سەرپێچی رێنماییەكانی لیژنەی سەلامەتی نیشتمانی و بڕیارەكانی شانەی قەیرانەكانیان كردووە.
شانەی قەیرانەكان داواش لە بنكەكانی پۆلیس، موختار و هاوڵاتیانی كەركوك دەكات بڕیارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن و پابەندی یاسای تەندروستی گشتی بن و رێگە نەدەن هیچ گردبوونەوەیەك ئەنجامبدرێت.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك رۆژی چوارشەممە توشبوونی 35 كەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، كە لەاونە چواریان منداڵی ساوان.