نوچە
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 50 کەسی دیکە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە 44 کەسیان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە “لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و توشبووان، 50 توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکران، 24 پیاو، 24 ئافرەت و دوو منداڵن”.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەشت لە توشبووەکان بەرکەوتووی توشبووانی پێشوون، 42 توشبووی دیکەش نیشانەی نەخۆشییەکەیان ھەیە.
توشبووەکان 44-یان دانیشتووی نێو شاری سلێمانین، دوو توشبوویان دانیشتووی رانیەن، یەك توشبوو دانیشتووی ناحیەی بازیان، یەك توشبوو دانیشتووی ناحیەی عەربەت، یەك توشبوو دانیشتووی قەزای سەیدسادق و توشبووەکەی دیکەش دانیشتووی شاری کەرکوكە.
تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 500 توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 163 توشبوویان چاکبوونەتەوە و 11 توشبووش گیانیان لەدەستداوە و 326 توشبوو لە نەخۆشخانەکاندا ماون. ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە 905 کەس، لەو ژمارەیەش 441 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 14 توشبوویان گیانیان لەدەستداوە.