نەوزاد عەلی-سەیدسادق
قایمقامی سەیدسادق ڕایدەگەیەنێت، هەر کەسێک پێچەوانەی بڕیارەکان و ڕێنمایییەکان مامەڵە بکات لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەکرێت.
دوای ئەوەی بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان درا، لە ئێستادا دەسەڵاتی ئاسانکاری و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی دراوە بە پارێزگارەکان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق، سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند: هەر ئەمڕۆ (چوارشەممە ٣-٦-٢٠٢٠)، سەرجەم لیژنەکانی قایمقامیەت و هێزە ئەمنییەکانی سەیدسادقمان ڕاسپاردووە، کە خەڵک ئاگادار بکەن و ڕێنمایی تەندروستیش بدەن بە خەڵک و مارکێت، شوێنەگشتییەکان، بازاڕ، مزگەت و سەرجەم ئەو شوێنانەی، کە پێویستن”.
قایماقامی سەیدسادق ئاماژە بەوە دەکات، بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە، نابێت قەرەباڵغی لە شوێنەکان دروستبکرێت. گوتیشی “هەر کەسێک پێچەوانەی بڕیار و ڕێنمایییەکانی وەزارەتی ناخۆی هەرێم، پارێزگار و قایمقامیەت مامەڵە بکات، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەکرێت”.
دیاری ڕەفیق دەشڵێت “خۆشبەختانە تا ئێستا لای ئێمە خەڵک زۆر پابەندە بە ڕێنماییەکانەوە و خەڵکیش خۆی هەست بەو بەرپرسیاریەتە دەکات، کە نەخۆشییەکە بوونی هەیە و ترسی لەسەر ژیانیەتی، بۆیە هیچ کێشەیەکمان نەبووە و خەڵکیش خۆی پابەندە”.