نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە هەرێمی کوردستان، بەشداری پێبکرێت لە دانوستاندنەکانی ئەمریکا و عێراق.
بهگوێرهی ئاژانسی سپۆتنیكی عهرهبی، ماتیۆ تۆلهر، باڵیۆزی ئهمهریكا له عێراق رایگهیاندووه ”له رۆژانی داهاتوودا هاوكارانم له هەموو جومگهكانی نوێنهرایهتی ئهمریكا له عێراق پرسی چۆنیهتی كاراكردنی رێكهوتنی ستراتیژی له نێوان ههردوو وڵاتدا له بوارهكانی ئابووری، سیاسی، رۆشنبیری، فێركاری و زانستی به چڕی تاوتوێ دهكهن و تهنیا لە بواری هاوكاری ئهمنیدا كورتی ناكهنهوه”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان لە پەرلەرمانی کوردستان، سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئەمریکا و عێراق، ڕایگەیاند: بەو پێیەی ئەمریکا یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرکییەکانی عێراق، کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی نێودەوەڵەتی دەکات و هەردەم پاڵپشتی عێراق بووە، بەشداری ئەمریکا و ئەوروپا لە زۆر پرسی گرنگی وەک دانوستاندن، سەقامگیری و پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی عێراق وەک زەمانەتە، بۆیە بەردەوام بوونی هاوپەیمانی و پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر زۆر گرنگە، هەروەها بەردەوامبوونی ئەمریکا لەساحەی سیاسی و پێشهاتەکانی عێراقیش گرنگە، وەک لایەنێکی هاوپەیمانی و هەم وەک لایەنێکی گەرەنتیکراو.
لە بارەی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لەو دانوستاندنە، محەمەد سەعدەدین، دەڵێت “بەگوێرەی دەستووری عێراقی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دانی پێدانراوە و بەشداریشە لە دەسەڵاتی سیاسی و سیادی عێراق، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە، لە پێکهێنانی حکومەتیش ئەرکی خۆی هەیە، جگە لەوە هەرێم قەوارەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆیە پێویستە لە دانوستاندنە سیاسییەکانی عێراق ئامادەیی هەبێت”.
ناوبراو جەختیشیکردەوە “ئەم دانوستاندنە پرسێکی سیاسی و ستراتیژییە لەگەڵ ئەمریکا، بۆیە پێویستە هەرێم و پێکهاتەکان ڕۆڵیان هەبێت، چونکە هەرێم بەشێکە لە عێراق، هەر شتێک لە عێراق ڕووبدات بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری و کاردانەوەی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت هەرێم قسەی خۆی هەبێت لە هەر گۆڕانکارییەک، کە ڕووبدات لە سیاسەتی دەرەوە، هاوپەیمانیەتییەکان و پرسە ستراتیژییەکانی عێراق، وەک قەوارەیەکی سیاسی و سەربەخۆ لەناو سنووری دەوڵەتی عێراق، هەم لەم دانوستاندنانە هەم لە پرسە سیاسییە گرنگەکان بەشدای پێبکرێت.